٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاوات قارەمانی: سەرۆکی پەرلەمان فەرمان لە نەوشیروان مستەفا وەردەگرێ.. خاوەنی بڕیاری خۆی نییە

سەرچاوە: KDP.info

چه‌مچه‌ماڵ-KDP.info-  ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان(ئاوات قارەمانی) ئاشکرای دەکات کە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان(یووسف محەممەد) خاوەنی هیچ بڕیارێکی خۆی نییە و فەرمان لە ڕێکخەری بزووتنەوەکە(نەوشیروان مستەفا) وەردەگرێ.
(ئاوات قارەمانی) کە هەڵوسوڕاوی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان و پێشمەرگەی دێرینیشە، بە هەفتەنامەی 'باس'ـی ڕاگەیاندووە، خەڵک ئومێدیان بە بزووتنەوەی گۆڕان نەماوە و، ئاخ بۆ حکوومەتەکەی پارتی و یەکێتی هەڵدەکێشێ.
ئەو زیاتر گوتی، "دڵنیام لەوەی هەموو کەسێک ئاخ بۆ حکوومەتەکەی پارتی و یەکێتی هەڵدەکێشێت، چونکە لەوکاتانەدا قەیرانی دارایی نەبوو و خزمەتگوزاری هەبوو، ئێستای قەیرانی دارایی و چەندان قەیرانی دیکە، تەواو خەڵکی بێزار کردووە.
(قارەمانی) ئاشکرایی دەکات، (نەوشیروان مستەفا) حەزی نەدەکرد بەشداری لە حکوومەتدا بکات، چونکە دەیزانی ناتوانێ گۆڕانکاری بکات، بەڵام ئەوانەی لە دەوروبەری بزووتنەوەی گۆڕان کۆ دەبوونەوە، حەزیان لە پلە و پۆست بوو، بۆیە کاک (نەوشیروان) ناچار کرا بەشداریی حکوومەتی بنکەفراوان بکات.
(ئاوات قاره‌مانی‌) ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان باس لەوەیش دەکات کە: "ئه‌م بارودۆخه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ناگۆڕێت، هه‌روه‌ها به‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ و حزبه‌كانی‌ تریش ناگۆڕێت ئه‌گه‌ر هاوهه‌ڵوێست نه‌بن".
ئەو ڕاشکاوانەیش دەڵێت، "بزووتنەوەی گۆڕان بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی حکوومەتێکی لاواز و گەندەڵدا. بۆ نموونە، من وەزیرێکی ئەم حکوومەتەم، کە بزانم ناتوانم خزمەتی وڵات و خەڵکەکەم بکەم، ئەگەر بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆم نەبێت، هەموو مێدیاکان ئاگادار دەکەمەوە و بایکۆتی وەزارەتەکەم دەکەم.
بە خەڵک دەڵێم، ڕاستە من وەزیر بووم، بەڵام ناتوانم خزمەتی ئێوە بکەم، چونکە حکوومەتێکی لاواز و سیستمێکی گەندەڵمان هەیە و، ئیدی من بەرپرسیاری ئەم وەزارەتە نیم. بەڵام ئەمەم لە هیچ پەرلەمانتار و وەزیرێک نەبینی."

جەختیش دەکاتەوە کە، پەرلەمانتارانی فڕکسیۆنەکان بەس قسە دەکەن و کردەوەیان نییە، ئەوەیش مایەی دڵخۆشی نییە کە خەڵک ژیانێکی خۆی دەوێت. ئەوان ناتوانن ژیانێکی خۆش و شایستە بۆ خەڵک دابین بکەن. انزانم ئەرکی پەرلەمانتار چییە؟ ئەگەر ناتوانن خزمەتی خەڵک و دەنگدەرانی خۆیان بکەن، بۆ دەست لە کار ناکێشنەوە؟
هەروەها دەڵێت، "پەرلەمانتار خەڵک هەڵیبژاردووە، نوێنەری خەڵکە و دەبێ لەسەر مافەکانی شەڕ بکات،؛ پەرلەمانتار کرێکاری خەڵکە و ئاغای خەڵک نییە، نەک پەرلەمانتارێک منەت بەسەر خەڵکەوە بکات و بڵێ: بە هۆی منەوە مووچە وەردەگرن. بە پێچەوانەوە پەرلەمانتاران لەسەر حیسابی خەڵک مووچە وەردەگرن و ئێستا هایلایڤ دەژین، ئەگەر ئیش بۆ خەڵک نەکەن، پەرلەمانی کوردستان هیچ شەرعیەتێکی نامێنێت. پەرلەمنتارەکانی گۆڕانیش ئێستا هایلایڤ دەژیێن و خەڵکیان بیر نەماوە، ئێستا پارە و ئیمتیازاتی باشیان لەبەردەستە و لەسەر میلاکی خەڵکی ڕەشوڕووتی ئەم وڵاتە دەتوانن هەموو وڵاتانی دنیا بگەڕێن، هەموو جۆرە بەڵێنێکی باقوبریقیان ەب خەڵک دابوو، بەڵام هیچ بەڵێنێکی خۆیان نەبردە سەر و ئێستایش ئێمە بە هۆی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ڕووزەردی لای خەڵک بووین."

دەربارەی ڕۆڵی (نەوشیروان مستەفا) و ئەو بڕوایەیش کە یەکێکە لەو کەسە سیاسیانەی عەقڵی خۆی ناداتە دەستی هیچ کەسێک، دەڵێ، "هەندێک حاڵەت هەیە انکرێ کاک (نەوشیروان) بوچوونی خۆی فەرز بکات، بەڵام ئێستایش گۆڕان دەتوانێ لە حکوومەت بکشێتەوە. ئێستا بارودۆخی گۆڕان لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە خراپترە، ئەگەر بزووتنەوەی گۆران فریای خۆی نەکەوێ و پڕۆژەی چاکسازیی نەبێت، زیانێکی گەورە دەکات، ڕەنگە بۆ هەڵبژاردنی ئاییندە ١٠ کورسی بە دەست بهێنێت."

دەربارەی ئەوەیش کە ماوەیەکە لایەنگر و سەرکردە دیارەکان، لە بزووتنەوەی گۆران دەکشێنەوە، (قارەمانی) گوتی "ئێمە بە ئومێدێکی زۆرەوە بەرەوپیری بزووتنەوەی گۆران ڕۆیشتین، خەڵکیش بە گوڕوتینێکی بەهێزەوە ئامێزیان بۆ کردینەوە، لە سنووری سلێمانی و گەرمیان هەواداری زۆرمان هەبوو، خەڵک هەموو بە ئیسلامییەکانیشەوە ئومێدی بە بزووتنەوەی گۆران هەبوو، بەڵام لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا کۆمەڵیک بەڵێنمان بە خەڵکی دان، تائێستایش ڤەڵێنێکی لاوەکییش جێبەجێ نەکراوە، تەنیا ئەوە نەبێ کە هەندێک کەس هەن بە هۆی گۆڕانەوە ئیمتیازیان وەرگرتووە؛ بۆ نموونە، پەرلەمانتارن یان وەزیرن، ئەمانە سوودی باشیان لە گۆڕان کردووە، بەڵام خەڵک خراپتر بوون و باشتر نەبوون، خودی خۆم لە ناو یەکێتیدا ئەوپەڕی دەستەڵاتم هەبوو، وازم لە یەکیتیی نیشتیمانی هێنا و بەرەوپیری گۆڕان هەنگاوم نا، ئێستایش من و سەدانی وەک من بە زوویری لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان گەڕاینەوە."


   

هەواڵی پەیوەندیدار