چاودێرێکی سیاسی: سهرۆك بارزانى سەرپشکى کردوون بگەنە رێککەوتن

ههولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێت، پەیامی (سەرۆک بارزانی) کە داوا لە لایەنەکان دەکات کۆ ببنەوە و چۆن ڕێک دەکەون با جێبەچی بکرێت، ئهوە نیشان دەدات کە سەرۆک تاکە مەرجەعە کە بتوانێ لایەنەکان لەیەک نزیک بکاتەوە، بۆیە ئەگەر لایەنەکان ھەڵوێستێکی نیشتیمانپەروەرانەیان لەبەرامبەر ئەو پەیامە ھەبێت رێکدەکەون و کۆتایی بەو قەیرانە دەھێنن.
دکتۆر (ساڵح مەلاعومەر) چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ بە KDP.infoـى راگەیاند: "ئەگەر ئێمە خوێندنەوە بۆ پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) بکەین دیار دەبێت کە تاکە مەرجەعە بتوانێ لایەنەکان لێک نزیک بکاتەوە دوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی، بۆیە خەڵکی ھەرێمی کوردستان متمانەیان بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەیە، نموونەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە لە ھەڵبژاردنەکان کە پارتی و یەکێتی بە جیا بەشدارییان لە ھەڵبژاردنەکان کرد ٥٧%دەنگەکانیان بە دەست ھێنا، بەڵام سەرۆک ٧٠%دەنگەکانی بە دەست ھێنا، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات خەڵک زیاتر متمانەیان بە سەرۆکی ھەرێم ھەیە لەوەی حیزبەکان."
(مەلاعومەر) گوتیشی: "ئەم پەیامە کاریگەری زۆر دەبێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەیرانی نێوان لەلایەنەکان بێت لەبارەی پرسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە، ئەمەش لەسەر حیزبەکان دەمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر ھەڵوێستێکی نیشتیمانپەروەرانەیان ھەبێت لەبارەی ئەو پەیامەوە، دەتوانن ھەرێم لەو قەیرانە رزگار بکەن و کۆتایی پێ بێنن.
ئەو چاودێرە سیاسییه ڕوونیشی کردەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لایەنەکانی سەرپشک کردووە لەوەی پێکەوە دانیشن و بگەنە رێککەوتن، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت (سەرۆک بارزانی) لە سەرەتای ژیانیەوە لە پۆست و پلە و پایە نەگراوە، بەڵکو خەڵکی کوردستان داوای کردووە ئەو پۆستی سەرۆکی ھەرێم وەربگرێت.
بڵند ئیبراھیم




