حكوومه‌ت: ئه‌گه‌ر عێززه‌ت سابیر ڕاست ده‌كات با ناوى كۆمپانیایه ئاشكرا بكات و به‌ڵگه‌كانى بخاته ڕوو

هه‌ولێر-KDP.info- (سه‌فین دزه‌یى) گوته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌ت، ڕه‌تى كرده‌وه كه هیچ كۆمپانیایه‌كى نادیارى بێ ناو له هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت، لێدوانى (عێززه‌ت سابیر)ی په‌رله‌مانتاریش به‌درۆ ده‌خاته‌وه و وه‌ك چه‌واشه‌كارییه‌ك له قه‌ڵه‌مى ده‌دات و، ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتاره ڕاست ده‌كات و قسه‌كانى بۆ چه‌واشه‌كارى نییه، فه‌رموو با ناوى ئه‌و كۆمپانیایه ئاشكرا بكات و به‌ڵگه‌كانى بخاته ڕوو!.
له لێدوانێكدا بۆ چه‌ند ده‌زگایه‌كى ڕاگه‌یاندن به‌ڕێز عیزه‌ت سابیر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان گوتوویه‌تى گوایه "ماوه‌ى دوو مانگه به ئاگاداریى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كۆمپانیایه‌ك كه دیار نییه ناوى چییه و سه‌ر به كوێیه؟، نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان هه‌نارده ده‌كات و كه‌س نازانێت داهاته‌كه‌ى چه‌نده و ده‌چێته كوێ!".
له‌مباره‌یه‌وه له لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، (دزه‌یى) هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه، پرۆسه‌ى به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنى نه‌وت و گه‌ڕانه‌وه‌ى داهاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌یه‌كى ته‌واو ڕوون و شه‌فافه و خودى میكانیزمه‌كانى ئه‌م پرۆسه‌یه هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ ناڕوونى و ناشه‌فافى ناهێڵێته‌وه، چونكه ته‌واوى پرۆسه‌كه به چه‌ند كۆمپانیایه‌كى دیارى جیهانییه‌وه په‌یوه‌سته كه پشكیان له بۆرسه و بازاڕه جیهانییه‌كاندا هه‌یه و زیاتر له ده‌زگا و ناوه‌ندێكى جیهانى كۆنترۆڵى ته‌واوى پرۆسه‌كه ده‌كه‌ن، به شێوه‌یه‌ك كه هیچ بوارێك بۆ هیچ جۆره ناڕوونى و ناشهفافییهك، نه له كوردستان و نه له به‌نده‌رى جه‌یهان و نه لاى كۆمپانیا كڕیاره‌كانى نه‌وتیش ناهێڵێته‌وه. بۆیه هه‌رچى له‌باره‌ى ناڕوونى و ناشهفافیى پرۆسه‌كه‌وه ده‌گوترێت، ته‌نیا زاده‌ى خه‌یاڵ و چه‌واشه‌كارى و قسه‌ى ناڕاستى هه‌ڵبه‌ستراوى بێ بنه‌مان!.
(دزه‌یى) هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه، ئه‌نجوومه‌نى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گاز و وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان، له ته‌واوى ورهكاریى ئه‌م پرۆسه‌یه به دۆكیوومێنتهوه ئاگادارن و ئه‌م بابه‌ته له دوور و نزیكه‌وه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به جه‌نابى سه‌رۆك و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانه‌وه نییه و، ئه‌وان هیچ جۆره به‌رپرسیاریه‌تى و ئه‌ركێكیان له‌م بابه‌ته‌دا نییه. بۆیه ئه‌و په‌رله‌مانتاره به‌ڕێزه له جیاتى ئه‌وه‌ى هه‌ر له‌خۆیه‌وه بێ به‌ڵگه قسه دروست بكات و هه‌واڵى ناڕاست له خه‌یاڵدانى خۆى بێنێته ده‌ره‌وه، ده‌یتوانى بۆ هه‌ر پرس و سه‌رنج و تێبینییه‌ك بگه‌ڕیته‌وه لاى ده‌زگا و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان، نه‌ك ڕاست و چه‌پ لێدوانى چه‌واشه‌كارانه‌ى ناڕاستى بێ بنه‌ما بدات!.




