داعش سێ ئافره‌تە كاندیدی لیستی موته‌حیدونی گولله‌باران كرد

مووسڵ -KDP.info- داعش له شاری مووسڵدا، ئەو سێ ئافره‌تە مووسڵییەی گولله‌باران كرد کە وەختی خۆی بووبوونە بەربژاری لیستی موته‌حیدون؛ ئەمڕۆ بێجگە لەو سێ ئافرەتە، ڕۆژنامه‌نووسێكیشیان كوشتووە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمه‌ت ڕه‌جه‌ب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوێنێ تیرۆریستانى داعش چوونەتە گەڕەکی باب‌تۆپ و، ڕۆژنامه‌نووس (یه‌حیا خه‌تیب)ـیان لە ماڵ هێناوەتە دەر و، ئەمڕۆ له ناوەڕاستی شارى مووسڵدا گولله‌بارانیان كردووە؛ کابرا وەختی خۆی لە كه‌ناڵى مووسڵدا كارى ده‌كرد".
(عیسمه‌ت) دەیشڵێت، ئه‌م به‌یانییەی ئەمڕۆ تیرۆریستانى داعش سێ ئافره‌تە کاندیدی لیستى موته‌حیدونیان له گۆڕه‌پانى دادگاى شه‌رعدا گولله‌باران كردووە؛ پاشا لاشەی هەرسێانەکەیان واتە لاشەی (له‌میا فازڵ و، ئیخلاس زه‌نوون و، ئیسرا سەمیر)یان ناردووە بۆ دادپزیشكییەکەی مووسڵ.
نه‌شوان به‌رزنجى




