لەبەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە، له سیدەكان سەد گوند بووەتە چۆڵەوان

سیدەكان -KDP.info- بە هۆی نائارامیی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە گوند و ئاواییەكان، لە كۆی 250 گوندی سیدەكان، 100 گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە، خەڵكی ئەو ناوچانەیش داواكارن پەكەكە گوندەكان چۆڵ بكات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاواییەكانی خۆیان.
(كاروان كەریم خان) بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، بۆ KDP.info گوتی: "لە كۆی 250 گوند لە سنووری شارەدێی سیدەكانی سەر بە شارۆچكەی سۆران، 100 گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە، هۆكارەكەیش بۆ دۆخی نائارامی ناوچە سنوورییەكان دەگەڕێتەوە."
گوتیشی: "هاووڵاتیانی ئەو گوندانەی چۆڵ كراون و ئەوانەی نزیك لە گوندە چۆڵكراوەكانیش داواكارییان ئەوەیە، كەشێكی ئارام دروست بكرێت و بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە گوند و ئاواییەكان دوور بكەنەوە، بۆ ئەوەی تووشی رووداوی نەخوازرا نەبنەوە و گوندەكانیان ئاوەدان بكەنەوە، ئەگەر بارودۆخی ناوچە سنوورییەكانیش هەروا بەردەوام بێت، زۆر زەحمەتە هاووڵاتیان بگەڕێنەوە سەر گوندەكانیان، بۆیە بەردەوام داوا دەكەن بنكە و بارەگاكانی پەكەك لە ناوچەكە نەمێنن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر گوندەكانیان."
( كاروان) ئاماژەیشی دا، بە شێوەیەكی گشتی لەو دوو حەفتەیەدا بارودۆخی ناوچە سنوورییەكان ئارامە و هیچ كێشەیەك ڕووی نەداوە.
ڕابین شێروانی




