سەعید پشدەری: نەوشیروان مستەفا هێشتا نەیتوانیوە خۆی لە فۆبیای پارتی دەرباز بكات

سلێمانی-KDP.info- (سەعید سەلیم پشدەری) بەرپرسی لقی 4ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی ڕایگەیاند، (نەوشیروان مستەفا) كەسایەتییەكی لۆكاڵییە و لە سنووری شاری سلێمانی دەرناچێت. دەشڵێت، تا دوێنی لەناو خودی حزبەكەی خۆی دژایەتیی (مام جەلال)ـی دەكرد، ئەمڕۆیش کەوتووەتەوە دژایەتیی (سەرۆك بارزانی) و، هەڵبەت هیچ پەندێكیشی لە مێژوو وەرنەگرتووە، هەر كاتێكیش دەرفەتی بێ بتوانێ خەونەكەی خۆی بە دی بێنێ، هەموو شتێك دەكاتە قوربانی لە پێناویدا.
(سەعید سەلیم پشدەری) بەرپرسی لقی 4ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، لە رێگای KDP.infoـوە وەها خوێندنەوەیەك بۆ دۆخی هەنووکەیی هەرێمی كوردستانی دەکات و دەڵێت، كۆمەڵێك هۆكاری خۆی هەیە، هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە ململانێ لە نێوان دوو بەرە و دوو ئایدیای جیاوازدا هەیە، بەرەیەك بەرەی دیموكراسی و داكۆكیكردن لە رای گەل و رای زۆرینە و هەموو فرەییەكانە، بەرەیەكی تریش بەرەی خۆسەپێنی و فیكری ستالینی و تاكگەراییە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو بە دیاریكراوی چەمكەكە پێناسە بكەین، (نەوشیروان مستەفا) نەخۆشییەكی هەیە كە پێی دەگوترێ فۆبیای پارتی، ئەم نەخۆشییە هۆكاری هەیە، بۆچی ئەم نەخۆشییە لەلای ئەو تاكە دروست بووە، ئەوە پەیوەندی بە ژیان و ژینگەی ئەو تاكەوە هەیە كە پێم وایە هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت، بۆیە پێویست ناكات جارێكی دیكە باسی بكەمەوە.
(پشدەری) دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو و دەڵێت: "ئەگەر سەیر بكەین چ لەو سەردەمەی كە لە شار بووە دواتر كە دەچێتە شاخ و لەوێیش بە قۆناخە جیا جیاكاندا دەڕوات، لە هەموو ئەوانەدا رەنگی داوەتەوە چ لەو چالاكییە بەناو شۆڕشگێڕییەی كە خۆی كردوویەتی و هاتووە لە ناو شاری سلێمانی یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری سلێمانی كردووەتە ئامانج و قوربانیی لێ كەوتووەتەوە، دواتر لە هەموو قۆناخەكانی مێژوودا ئەو كابرایە نەیتوانیوە خۆی لە فۆبیای پارتی دەرباز بكات، لەلایەكی ترەوە ئەگەر خوێندنەوەیەكی زانستی بۆ كەسایەتیی (نەوشیروان مستەفا) بكەین، ئەم پیاوە بە درێژاییی مێژووی خۆی هەوڵی داوە بۆ ئەوەی ببێ بەرەمز، تەنانەت لەناو یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش هەوڵی داوە كە سەرۆكی باڵێك لە باڵەكانی ئەو حزبە بێت، بۆیە بەشێك لە سەركردەكانی ناو كۆمەڵەی رەنجدەرانی تەسفییە كرد بۆ ئەوەی خۆی ببێتە كەسی یەكەم و بە كەسی یەكەم مایەوە، ئامانجیشی ئەوە بوو لەناو یەكێتییش خۆی ببێتە كەسی یەكەم و ببێتە رەمزێك لە كوردستاندا. لەلایەكی دیكەوە ئەو گرێ دەروونییەی كە هەیبووە بەرانبەر بە پارتی، ئەو جیاوازی فیكرییەی لە نێوان ئەو دوو قوتابخانەدا هەیە كە ئەو پەروەردەی ژینگەی خۆسەپێنی بووە كە لە منداڵییەوە بۆی ماوەتەوە كە رەنگە هەندێكی پەیوەندی بە تەركیبەی جسم و شكڵی ئەو پیاوەوە هەبێ، كە بەو شێوەیە بەردەوام بووە".
پێوەست بە دژایەتیكردنی رەمزەكان و نەبوون بە رەمز، (سەعید پشدەری) گوتی: "(نەوشیروان مستەفا) نەیتوانی و ناتوانێ ببێ بە رەمز لە كوردستاندا، لە قۆناخی شاخ كاری كرد نەیتوانی، لەناو یەكێتی نیشتمانی كاری كرد نەیتوانی، بۆیە ئەو كابرایە كەسایەتییەكی لۆكاڵییە و لە سنووری شاری سلێمانی دەرناچێت، كە كاتێكیش زانی گەیشتووەتە بنبەست، ئەوا دژایەتیی رەمزەكان دەكات، تا دوێنی لەناو خودی حزبەكەی خۆی دژایەتیی (مام جەلال)ــی دەكرد، ئەمڕۆیش دژایەتیی (سەرۆك بارزانی) دەكات كە دیارە نەخۆشییەكەی پەیوەندی بەو گرێكوێرە مێژووییە و بەو ململانێەیەی نێوان ئەو دوو قوتابخانەوە هەیە كە كردوویەتی و تا ئێرە هاتووە، دوێنێ بە شەڕ و ئەمڕۆ بە سوودوەرگرتن لە پرۆسەی دیموكراسی و هەروەها لە خەمخۆریی پارتی بۆ یەكپارچەیی و یەكڕیزی، چونكە ئەو باش دەزانێت كە پارتی خاوەنی پڕۆژەی نەتەوەییە".
بەرپرسی لقی 4ـی پارتی باس لەو بەڵگە ڤیدۆییە دەكات كە (نەوشیروان مستەفا) چۆن باسی شەخسی (جەنابی سەرۆك) دەكات و دەڵێت، قەزییەی كوردی لە دەستی كەسێكی ئەمیندایە، ئەو ئەوە باش دەزانێت، كە (جەنابی سەرۆك) و پارتی زۆر جار سازشیان لەسەر مافە حزبی و كەسییەكانی خۆیان لە پێناو راگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكان كردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە هەسیارە مێژووییەی كە هەموومان كەوتووینەتە ناو تونێلێكەوە كە لەروانگەی ئێمەوە ئاسۆیەكی زۆر رووناكمان پێشان دەدات كە بریتییە لە بەدیهێنانی خەونی سیاسی و لەمێژینەی نەتەوەی كوردستان".
(سەعید پشدەری) دەشڵێت: "(نەوشیروان مستەفا) ئیستغلالی هەموو ئەوانەی كردووە، هەم پرۆسەی دیموكراسی هەم نیەتی پارتی بۆ سازشكردن لەسەر پرسە حزبییەكانی خۆی، بۆیە دەیەوێ جارێكی دیكە لە رەمزەكان بداتەوە و ئەو نیەتەی كە ساڵەهای ساڵە خەباتی لە پێناودا دەكات جارێكی تر بیكولێنێتەوە. سەیرەكەیش ئەوەیە هەموو ئینسانە ئاقڵمەندەكان، كەسایەتییە سیاسییەكان پەند لە مێژوو و رابردوو وەردەگرن، بەڵام بەداخەوە دیارە رابردوو و مێژوو هیچ پەندێكی بۆ ئەو درووست نەكردووە، هەر كاتێك ئەو دەرفەتی بێ بتوانێ خەونەكەی خۆی بەدی بێنێ، بێباكانە كاری لە پێناو دەكات و، بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوە و نیشتمان و قۆناخە هەستیارەكەی ئێستا و دڵەڕاوكێی هاووڵاتیان، هەموو ئەوانە دەكاتە قوربانی لە پێناو خەونەكەی خۆیدا".




