کەریم شنگالی: قسەکانی بەشێک لە پەرلەمانتاران جگە لە تۆمەت زیاتر هیچی دیکە نییە.. ئەوان وەڵامی منیان نەدایەوە

هەولێر-KDP.info- (کەریم شنگالی) وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە راگەیاند: "قسەکانی بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان لەبارەی رێگەگرتنیان لە بازگەی دێگەڵە جگە لە تۆمەت زیاتر هیچی دیکە نییە و پەرلەمانتاران کێشەکەیان لە قەبارەی خۆی گەورەتر کردووە، چونکە جگە لە پشکنینێکی ئاسایی هیچی دیکە نەبووە".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتیشی "دوای ئەوەی لەگەڵ (مستەفای سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ پەیوەندی مکردووە لەبارەی رێگری لە پەرلەمانتارانەوە، بۆم روونکردنەوە کە بابەتەکە تۆمەتێکی گەورەیە دراوەتە پاڵ هێزەکانی ئاسایش و جگە لە چەواشەکاریی هیچی دیکە نەبووە".
(کەریم شنگالی) بۆ ڕووداو ڕوونی کردووەتەوە: "دوای ئەوەی پەرلەمانتاران پەیوەندییان پێوەکردم، چەندین جار پەیوەندیم پێوەکردوون بەڵام ئەوان وەڵامی پەیوەندییەکەی منیان نەداوەتەوە".
ئێوارەی دوێنێ شەممە 15ی ئابی 2015 لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ هەولێر لە بازگەی دێگەڵە، بەو هۆیەی کە پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان چەکیان پێ بووە، پشکنینیان بۆ دەکرێت؛
ئاسایشی هەولێریش پاش ڕووداوەکە لە روونکردنەوەکەیدا رایگەیاندووە: "سەعات20:15 خولەکی ئەم ئێوارەیە(15-8-2015)، دە ئۆتۆمبێل کە گشتیان چەکداری تێدا بووە هاتوونەتە بازگەی ئاسایشی دێگەڵە، کارمەندانی ئاسایشیش وەک ئەرکێکی ئاسایی خۆیان ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکانیان راگرتووە، چونکە پێشتر هیچ ئاگادارکردنەوەیەک نەبووە کە ئەم ژمارە ئۆتۆمبێلانە بە چەکدارەوە بەرەو ئەم بازگەیە دێن".
ئاسایشی هەولێر هەروەها رایدەگەیێنێ: "دوای راگرتنی ئۆتۆمبێلەکان تەنیا یەکەم ئۆتۆمبێل ناسنامەکانیان پشتڕاست کراوە و پرسیاریان لێ کراوە کە ئایا هەموو ئۆتۆمبێلەکان پەرلەمانتارن، کەچی بەداخەوە لە بەرامبەردا چەند کەسێکیان بە هەڵچوون و بێرێزییەوە مامەڵەیان لەگەل کارمەندانی بازگەکە کردووە و دواتریش گوایە وەک کاردانەوەیەک گەڕاونەتەوە".




