سهرۆككۆماری عێراق بۆ سهرۆك بارزانی: چارهی قەیران و مەترسییەكانی بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، حیكمهتی جهنابتیانی پێویسته

بهغدا-KDP.info- سهرۆككۆماری عێراق (فوئاد مهعسوم) به بۆنهی 69 ساڵهی دامهزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستانهوه پهیامێكی پیرۆزبایی ئاراستهی (سهرۆك بارزانی) كرد و له پهیامهكهیدا رایدهگهینێت "هیوادارم یادی دامەزراندنی پارتییە تێكۆشەرەكەتان، دەرفەتێكی گرینگ بێت بۆ ئەوەی بە حیكمەتی جەنابتان هەموو كۆشش و هەوڵەكان بخرێنە گەڕ، لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارەی خەمخۆرانە بۆ ئەو قەیران و مەترسییانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانییان گرتووەتەوه".
دەقی پەیامەکەی فوئاد مەعسوم بۆ (سهرۆك بارزانی):
برای بەرێز جەنابی كاك (مەسعوود بارزانی)
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان
بە بۆنەی یادی شەست و نۆ ساڵەی دامەزراندنی پارتە تێكۆشەرەكەتان پارتیی دیموكراتی كوردستان و لە دایكبوونی جەنابتانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و، لە رێگەی بەرێزیشتانەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم و، بە هیوام پارتییە خەباتگێرەكەتان هەردەم لە پێشكەوتن و سەركەوتن دا بێت لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكان دا كە دیارە قوربانییەكی زۆری بۆ دراوە .
یادی ئەمساڵی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان هاوكاتە لە گەڵ كۆمەڵێ پێشهات و گۆڕانكاریی و قەیرانی جۆراوجۆر لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا كە خۆیان لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی دارایی و تەنگژەی سیاسی دا دەبیننەوە ، بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزیی و هەماهەنگیی و كاری پێكەوەیی هەیە بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەكان و زامنكردنی سەركەوتن بە سەر هەموو قەیران و تەنگژەكان دا، كە دیارە رۆڵی جەنابتان لەو چوارچێوەیەدا رۆڵێكی دیار و بەرچاوە .
هیوادارم ئەم یادە هاندەرمان بێت بۆ چركردنەوەی هەموو توانا و هەوڵەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان دا لە پێناو راماڵینی تیرۆریستان و سەرخستنی پرۆژەی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و چارەكردنی كێشەو قەیرانە سیاسییەكان و هێنانەكایەی خواست و ئامانجەكانی كۆمەڵانی خەڵك لە هەموو رووەكانی خزمەتگوزاریی و رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و پاراستن و پەرەپێدانی دەستكەوتە مەزنەكانی گەلەكەمان .
لە كۆتایی دا هیوادارم یادی دامەزراندنی پارتییە تێكۆشەرەكەتان دەرفەتێكی گرنگ بێت بۆ ئەوەی بە حیكمەتی جەنابتان هەموو كۆشش و هەوڵەكان بخرێنە گەر، لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارەی خەمخۆرانە بۆ ئەو قەیران و مەترسییانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانییان گرتووەتەوە .
هەر شاد و سەركەوتوو بن.
براتان
فوئاد مهعسوم
سهرۆككۆمای عێراق
15ی ئابی 2015




