٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی: یادى (69) ساڵه‌ى پارتیى هاوپه‌یمان، پیرۆز بێ

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ساڵیادی 69 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستاندا، له‌ بروسكه‌یه‌كی پرۆزباییدا ده‌ڵێن "یه‌كێتى پیرۆزبایى لێكردنتان به‌ ئه‌ركى رێزگرتن له‌ مێژووى پارتى ‌و قوربانییه‌كانى له‌سه‌ر كوردایه‌تى ‌و ده‌ستكه‌وته‌ هاوبه‌شه‌ به‌دیهاتووه‌كان له‌ شۆڕش ‌و دواى راپه‌ڕین ده‌زانێ، له‌ هه‌مانكاتدا، داواكاره‌، سازان به‌ چه‌مكه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى ‌و جومگه‌ مێژووییه‌كه‌ى، سه‌یر بكرێ‌ و بكرێته‌ بنه‌ماى نزیكبوونه‌وه‌ى سیاسیى هه‌موو لایه‌كمان.

ده‌قی بروسكه‌ی پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

جه‌نابى سه‌رۆكى پارتىی دیموكراتى كوردستان
به‌رێزان:
ئه‌ندامانى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى پارتى
سڵاوێكى گه‌رم

مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، خۆشحاڵه‌ به‌بۆنه‌ى (69) هه‌مین یادى دامه‌زراندنى پارتى تێكۆشه‌ره‌وه‌، گه‌رمترین پیرۆزبایى خۆى‌ و سه‌رجه‌م هه‌ڤاڵانى یه‌كێتیتان پێشكه‌ش بكات. ئومێده‌واریشه‌، تێپه‌ڕینى ئه‌م یاده‌، له‌م بارودۆخه‌دا، كه‌ ناوچه‌كه‌و عێراق ‌و كوردستان، به‌تایبه‌تى شه‌ڕى داسه‌پاوى داعش به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌و گه‌له‌كه‌مان، تێده‌په‌ڕێ، یادێكى هانده‌رى پێكه‌وه‌ خه‌باتى هاوبه‌شمان بێ بۆ به‌زاندنى داعشه‌كان ‌و، راپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌ هاوبه‌شه‌كان، له‌عێراق‌ و ناوچه‌كه‌ و له‌به‌رانبه‌ر هه‌ر ئه‌گه‌رێكى چاوه‌ڕوانكراو، یان چاوه‌ڕواننه‌كراو دا.
له‌كاتێكدا یه‌كێتى پیرۆزبایى لێكردنتان به‌ ئه‌ركى رێزگرتن له‌ مێژوى پارتى ‌و قوربانییه‌كانى له‌سه‌ر كوردایه‌تى ‌و ده‌ستكه‌وته‌ هاوبه‌شه‌ به‌دیهاتووه‌كان له‌ شۆڕش ‌و دواى راپه‌ڕین ده‌زانێ، له‌هه‌مانكاتدا، داواكاره‌، سازان به‌ چه‌مكه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى ‌و جومگه‌ مێژووییه‌كه‌ى، سه‌یر بكرێ‌ و بكرێته‌ بنه‌ماى نزیكبونه‌وه‌ى سیاسى هه‌موو لایه‌كمان، بۆ سه‌رخستنى ده‌ستوورێكى گه‌لپه‌سه‌ندى رێڕه‌وه‌ سروشتى ‌و یاساییه‌كانى په‌رله‌مان؛ بێگومان سازانى راسته‌قینه‌ به‌دیبێنین، حیكمه‌تى سیاسى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌چه‌سپێنین، خوانه‌خواسته‌، له‌رووى سیاسییه‌وه‌ نه‌سازێین، هانابردن بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت ‌و دوا بڕیارى راى گشتى، رێگاى دروستى دیموكراسییه‌.
جارێكى دیكه‌، یادى (69) ساڵه‌ى پارتى هاوپه‌یمان، پیرۆزبێ.
بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى ئه‌زموونى دیموكراسى ‌و خه‌باتى ده‌ستووریمان.
- رۆحى شه‌هیدان شاد بێ.
- هه‌ر سه‌ركه‌وتو بن پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان.
مه‌كته‌بى سیاسى
یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان
15/8/2015
 

هەواڵی پەیوەندیدار