دڵشاد شەعبان: ئەوەی لەلایەن گۆڕانەوە لەبارەی مووچە و كۆمپانیای دانەغازەوە بڵاو كراوەتەوە، چەواشەكارییە

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی میدیاكانی گۆڕان بڵاویان كردەوە كە هۆكاری دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ٥٠ ملیۆن دۆلاری بە نهێنی داوە بە كۆمپانیای دانەغاز كە دۆڕاندوویەتی، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "كەیسی كێشەكەی نێوان حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیای دانەغاز لە دادگا تەواو نەبووە و موژدە بە خەڵكی هەرێم دەدەین ئەو كەیسە حكوومەتی هەرێم دەیباتەوە و نەیدۆڕاندووە". جەختیش دەكاتەوە كە، هۆكاری دواكەوتنی مووچە بۆ گۆڕینی پارە لە دۆلارەوە بۆ دینار دەگەڕێتەوە، نەك پێدانی پارە بە كۆمپانیای دانەغاز.
(دڵشاد شەعبان) جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە KDP.infoـی راگەیاند: "ئەو كێشەیەی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز لە دادگا بەردەوامە و تەواو نەبووە، بەڵام هەر لە ئێستاوە موژدە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدەین كە ئەو كەیسە لە دادگا دەبەینەوە، ئەوەی لەلایەن میدیاكانی گۆڕانیشەوە بڵاو كراوەتەوە، چەواشەكاریی خەڵكە و هیچی دیكە نییە".
(دڵشاد) گوتیشی، هۆكاری دواكەوتنی مووچە بۆ گۆڕینی پارە لە دۆلارەوە بۆ دینار دەگەڕێتەوە، چونكە پرۆسەیەكی زەحمەتە و هەندێك رێكاری دەوێت، بۆیە حكوومەتی هەرێم لەگەڵ بانكی ناوەندیدا هەوڵی چارەكردنی ئەو كێشەیە دەدات.
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕونیشی كردەوە، لەبەر ئەوەی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بووە و هۆكارەكەیشی پارتیی دیموكراتی كوردستان بووە، دەیانەوێت لە رێگەی ئەو چەواشەكاریانەوە پرۆسەكە ناشیرین بكەن.
راشیگەیاند، لە ٢٠/١٢ـی ئەمساڵدا سەرۆكی حكوومەت نووسراوێكی واژۆ كردووە كە هەر بڕەپاریەك داهاتی نەوت بێت، دێتە وەزارەتی دارایی، تەنیا هەندێك رێكار ماوە تەواو بن كە پێویستە وەزیری دارایی بچێتە توركیا و لە ئێستایشدا هەر بڕەپارەیەك بێتە هەرێم، دەچێتە وەزارەتی دارایی، بۆیە ئەوان بەرپرسن لە گۆڕینی ئەو پارەیە لە دۆلارەوە بۆ دینار.
ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە، مووچەی هەرێمی كوردستان پێویستی بە ٧٥٠ ملیۆن دۆلار هەیە و، ئەگەر ئەو ٥٠ ملیۆنەیش بدرێت، نابێتە هۆی ئەوەی مووچە دوا بكەوێت.
بڵند ئیبراهیم




