٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەكرەم ساڵح: هەوڵی بەشێك لە لایەنەكان، كۆسپی بەر‌دەم سەربەخۆیی بوو.. هەموو ئەگەرەكان كراوەن

سەرچاوە: KDP.info

كەلار-KDP.info-  (ئەكرەم ساڵح) بەرپرسی لقی 22ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، جێگای داخە خەڵكێك لە كوردستاندا دوای زیاتر لە 50 ساڵ ململانێ هیچ دەستكەوتێكیان بۆ خۆیان و كوردستانیش نەبووبێ، جارێكی دیكە لەژێر ئەو كاریگەرییە دەروونییە هەوڵ بدەن دۆخی كوردستان بەرەو پاشەوە بگەڕێننەوە. دەشڵێت، هەوڵی ئەو لایەنانە كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو لە دروستكردنی كۆسپ لە بەردەم پرسی سەربەخۆیی و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستاندا.

(ئەكرەم ساڵح) بەرپرسی لقی 22ـی كەلاری پارتیی دیموكراتی كوردستان، بۆ KDP.info گوتی :"جێگای داخە خەڵێك لە كوردستاندا كە خۆیان بە سیاسی بزانن، دوای زیاتر لە 50 ساڵ ململانێ هیچ دەستكەوتێكیان بۆ خۆیان و كوردستانیش نەبووبێ، جارێكی دیكە لە ژێر ئەو كاریگەرییە دەروونییە هەوڵ بدەن دۆخی كوردستان بەرەو پاشەوە بگەڕێننەوە، چونكە نە ئەم سەردەمە سەردەمی پێشووە نە بارودۆخی كوردستانیش وەكو رابردووە، بەڵكە لە قۆناخی ئێستادا دەكرا هەموو لایەنەكان هەوڵ بدەن بە كۆدەنگی ئاوات و ئامانجەكانی كوردستان بەدەست بێنین، بۆیە ئەو شێوازە بیركردنەوەیەیان نە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی دەكات و نە خزمەت بە داهاتووی كوردستانیش دەكات، بە پێچەوانەوە دەكەوێتە خانەی خزمەتكردنی نەیارانی پرۆسەی دیموكراسی و درووستبوونی دەوڵەتی كوردستان".

گوتیشی: "لەم قۆناخەی‌ ئێستادا كە چاوەڕوان دەكرا ناوچەكە بەرەو گۆڕانكاری بچێت، كورد پێویستی بە یەكڕیزی و كۆدەنگی هەبوو، هەر هەوڵێكیش لە دەرەوەی یەكڕیزی و كۆدەنگی، خزمەت بە كوردستان ناكات، بەڵكە بە پێچەوانەوە دەبێتە بەشێك لە جێبەجێكردنی ئەجێندای نەیارانی كوردستان".

دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپایی، دۆخی باشووری کوردستان و پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەورەبه‌پرسانی ئەم وڵاتانەدا خرایە بەر باسەوە و، گڵۆپی سەوز بۆ کورد لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ سەربەخۆیی کورد هەڵکرا.
پاش گەڕانەوەی شاندەکە بۆ هەرێمی کوردستان (دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ) کە ئەندامی ئەو شاندەی سەرۆکی هەرێم بوو بۆ ئەمەریکا، بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرای کرد کە: "لە دانیشتنەکان باس لە هەموو شتێک کرا و دڵنیایی تەواو بە کورد درا، هەروەها جۆ بایدن بە ئاشکرا بە بارزانی گوت، دڵیابە لە تەمەنی من و تۆدا دەوڵەتی کوردی دەبینین."

پێوەست بەو گۆڕانكاریانەی كە چاوەڕوان دەكرا ڕوو بدەن كە ئایا ئەو هەنگاوانەی ئێستای لایەنەكانی هەرێم چەندە كاریگەریی نەرێنییان لەسەری هەبووە، (ئەكرەم ساڵح) دەڵێ: "بێگومان كاریگەری هەبوو، دروستكردنی ئەم قەیرانە كە بەپێی پیلانێكی داڕێژراو بوو، كاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر ئەوەی كە نە ژووری عەمەلیات درووست بوو و نە هەوڵەكان بۆ ئامادەكاریی راپرسی و دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا ئەنجام درا، بۆیە ئەم قەیرانە وای كرد ئێستا خەڵك لە كوردستان نەك لە خەمی دەوڵەتی كوردستاندا نەمێنێ، بەڵكە مەترسیی هەبێ ئەوەی هەیشە تێك بچێت، بۆیە ئەو هەوڵەی كە ئەو لایەنانە دایان، كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو لە دروستكردنی كۆسپ لە بەردەم پرسی سەربەخۆیی و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان، كە بە داخەوە لە ئەنجامدا بە زیانی گشتی و كۆی پرۆسەی سیاسی و داهاتووی هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە".

بەرپرسی لقی 22ـی پارتی ئاماژەیشی دا: "لەو یەك دوو رۆژەدا هەوڵێكی چڕ هەیە كە لایەنەكان پێكەوە دانیشن و بگەنە چارەسەرێك، ئەگەریش نەگەنە رێگەچارەیەك، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەموو ئەگەرەكان كراوەن لە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخەی كە دێتە پێش، هەرچەندە لەو بڕوایەیشدا نیم بتوانن سیناریۆی 23ـی حوزەیران دووبارە بكەنەوە".
 

هەواڵی پەیوەندیدار