بەغدا مووچە ڕێک دەخاتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بڕیار دراوە تاوەكو مانگی داهاتوو پڕۆژەیاسای خشتەی نوێی مووچە پەسەند بكرێت، ئەمەیش وەكو یەكێك لە چاكسازییەكانی حكوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
حاكم (سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە KDP.infoـی راگەیاند: "دوای ئەوەی پرۆسەی چاكسازی لەلایەن حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەستی پێكرد، لە ئێستادا وەك یەكێك لە چاكسازییەكان بڕیار دراوە پڕۆژەیاسای خشتەی نوێی مووچە لە ماوەی مانگێكدا پەسەند بكرێت كە خوێندنەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ كراوە و، ئێمەیش لە لیژنەی دارایی دەستمان بە ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە كردووە".
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە سوودی زۆری بۆ فەرمانبەران هەیە و دادپەروەری لە مووچەی فەرمانبەراندا دێنێتە دی، بە جۆرێك هەموو فەرمانبەرێك پێی رازی دەبێت و سوودی لێ دەبینێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ڕوونیشی كردەوە، ئەو پڕۆژەیاسایە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و، هەر فەرمانبەرێك بە تەواوەتی دەزانێ مووچەكەی چەندە و هیچ ستەمێكی لێ ناكرێت.
بڵند ئیبراهیم




