لهئهگهری كۆبوونهوهی نائاسایی پهرلهماندا، پهرلهمانتاره یهكگرتووهكانی بادینان ناچنه دانیشتنهكهوه

دهۆك-KDP.info- (دیندار نەجمان دۆسكی) راگەیاند: "ئەگەر پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بە سازان رێككەوتنی لەسەر نەكرێت و كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بكرێت، چوار پەرلەمانتاری یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك بڕیاریان داوە بەشداری كوبوونەوەكە نەكەن".
دامەزرێنەر و ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (دیندار نەجمان دۆسكی) لە دیدارێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ رایگەیاند: "هەر یاسایەك حكوومەت یان پەرلەمان دەری بكات مەبەست لێی چارەكردنی كێشەیەكە، بەڵام كە یاسا بوو به سەرچاوەی كێشە، ئەو كات دەبێ لەسەری بووەستین، پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم، ئەگەر لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، پارتی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان كە پارتیی دیموكراتی كوردستانە، رازی نابێت و قبووڵی ناكات، كەواتە لایەنەكانی سیاسی هەرێم دەبێت بە سازان ئەم كێشەیە چارە بكەن، پاشان ببرێتە پەرلەمان".
(دیندار نەجمان دۆسكی) ئاماژەییشی دا، ئەگەر لایەنەكانی سیاسی لە سەر پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم سازانیان نەكرد و پڕۆژەكە لە پەرلەمان خرایە دەنگدان، پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لە دهۆك بەشدار نابن وهك زانیاری دا كه: "یەكگرتوو پەرلەمانتارانی خۆی سەرپشك دەكات بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكە، بەڵام بەگوێرهی زانیاریەكانم چوار پەرلەمانتاری یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك بڕیاریان داوە بەشدار نەبن، رەنگە پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لە هەولێریش هەبن بەشدار نەبن".
سەبارەت بەوەی كە ئایا یەكگرتوو پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لە پەرلەمان یەكلایی دەكاتەوە و پڕۆژەكە بەلای پارتی دا پەسەند دەكات، (دۆسكی) گوتی: "گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ، ناهێڵن پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لە سەر دەستی یەكگرتوو یەكلایی ببێتەوە و مۆری یەكگرتووی پێوە بێت، بە رای من دووقوڵی ئەو كێشە چارە دەكرێت، بە تایبەتی پارتی و یەكێتی كە دوو هێزی دیفاكتۆ و حوكمڕانن دەتوانن كێشەكە یەكلایی بكەنەوە و كلیلی چارەكردنی ئەو پرسە لە دەستی ئەواندایە".
(دۆسكی) لهبارهی سیناریۆیهك كه ئهگهر گۆڕان لە كاتی سەرنەكەوتنی پڕۆژەی سەرۆكایەتی هەرێم لە پەرلەماندا ئایا لهحكوومهت و پهرلهمان دهكشێنهوه، دهڵێ: "بە دووری نابینم گۆڕان بكشێتەوە، بەڵام گۆڕان نەیتوانیوە ئەو بەڵێنانەی پێش هەڵبژاردن داویەتی بە خەڵك كە لە ئەگەری بەشداریكردنیان لە پەرلەمان و حكوومەت دا جێبەجێبكات، ئەمەش بەنەرێنی لە سەری شكاوەتەوە، چونكە ساڵێكە هیچی نەكردووە، كە بێگومان رەوشی خراپی داراییش كاریگەری خۆی هەبووە لە سەر جێبەجێنەكردنی ئەو بەڵێنانەی كە داویەتی بە جەماوەرەكەی".
بەشداریكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كوبوونەوەی 23 حوزیرانی رابردوو لە پەرلەمان سەبارەت بە خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم بێ بەشداری پارتی، (دیندار نەجمان دۆسكی) هێنایە دەنگ و وەك نەرازیبوونێك رۆژی 24/6/2015 لە سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دەستی لە كار كێشایەوە و پێیوابوو " دەبێت پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بە سازان چارە بكرێت".
سەبارەت بە ئایندەكەی، (دیندار نەجمان دۆسكی) دهیشڵێ: "تا ئێستا بڕیارم نەداوە هیچ حزبێك دروست بكەم یان بچمە نێو حزبێكی كوردستانی، لە دەست لە كاركێشانەوەكەیشم پەشیمان نیم ".




