٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سیروان زەهاوی: عەبادی ناتوانێ سەرپشك بێت بۆ هەمواركردنی دەستوور

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر -KDP.info- (سیروان زه‌هاوی) دەڵێ، هیچ دەسەڵاتێك و یاسایەك نییە لە دەستوور گەورەتر بێت تا بتوانێت (عەبادی) سەرپشك بكات بۆ گۆڕینی دەستوور، بۆیە ناتوانێ سەرپشك بێت بۆ هەمواركردنی دەستوور.. دەیشڵێ: "ئەگەر لەم هەموارەدا دەست بۆ ماف و دەسەڵاتی كورد ببرێت بە مەبەستی زیاندان لە كورد ئەوا سەركەوتوو نابن و، دەنگی تەواو ناهێنن بۆ ئەم هەمووارە."

(سیروان زەهاوی)  مامۆستای زانكۆ لە یاسای دەستوور، سه‌باره‌ت به‌داوای سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كه‌ داوای كردووه‌ سه‌رپشك بكرێت له‌گۆڕینی ده‌ستووری عێراق، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "(حه‌یده‌ر عەبادی) یا هەركەسێكی تر نابێ سەرپشك بكرێت لە گۆڕین یان هەمواركردنی دەستووری عێراق چونكە هەمواركردنی دەستوور ڕێكاری خۆی هەیە، بە گوێره‌ی ئەم ڕێكارانەی لە دەستووری عێراق دیاری كراوە دەبێ پرۆژەی هەمواركردنەكە پێشكەش بكرێت و دواتر دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان لە سەری ڕازی بن و پاشان دەدرێتە ڕاپرسی و دەبێ دوو لەسەر سێی (3) پارێزگا ڕەتی نەكەنەوە.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ لە یاسای دەستووری زیاتر تیشكی خستە سەر بابەتەكە و گوتی: "هیچ دەسەڵاتێك و یاسایەك نییە لە دەستوور گەورەتر بێت تا بتوانێت (عەبادی) سەرپشك بكات بۆ گۆرینی دەستوور, بۆیە (عەبادی) ناتوانێ سەرپشك بێت بۆ هەمواركردنی دەستووری عێراق, خۆ لە دەستووردا بە هیچ شێوەیەك ئەو دەسەڵاتە بە سەرۆكوەزیران نەدراوە تا بتوانێ دەستوور هەموار بكاتەوە. بەپێی مادەی 142ی دەستووری عێراقی ئەركی هەمواركردنی دەستوور  بە لیژنە دەسپێردرێت بۆیە هەركەسێك بیەوێت دەستوور هەموار بكات دەبێ سەرەتا لەم لیژنەیەوە كارەكان دەست پێ بكات نەك لە سەرۆكوەزیرانەوە..
(زەهاوی) ئاماژەییشی دا كە: "ئەگەر ده‌ستوور هەمواریش بكرێت بۆ ئەوەی كورد ڕەتی نەكاتەوە، نابێ دەستدرێژی بكرێتە سەر ماف و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموارەكەدا. بۆیە دەبێ مەسەلەی ئەم دەسەڵاتانەی دەستووری عێراق بە هەرێمی كوردستانی داوە لە هەموو بوارەكان  بە تایبەت لە بواری نەوت و ئابووری و جگە لە مادەی 110ی دەستووری عێراقی هەر یاسایەك دژ بێ لەگەڵ یاساكانی هەرێم ئەوا هەرێم یاساكەی خۆی سەروەرترەو وەنابێت هیچ دەستدرێژیەك هەبێت بۆ سەر مادەی 140 و ناوچە دابڕاوەكان تەنیا بۆ باشتركردنیان نەبێت. هەروەها مەلەفی دەسەڵاتەكانی نەوت و گاز و پەیوەندیەكانی دەرەوە و تەواوی دەسەڵاتەكانی تری هەرێم نابێ دەستی بۆ ببرێت بە مەبەستی خراپكردنیان و زیان بە كورد بكەوێت."
ئاشكرایشی كرد كە: "ئەوان دەیانەوێت لە دەستووردا سیستەمی پەرلەمانی لە عێراق بگۆڕن بۆ سیستەمێكی سەرۆكایەتی ئەمەش كورد نابێ قەبووڵی بكات، چونكە مەترسیە بۆ سەر چارەنووسی عێراق, خۆ عێراق سیستەمی پەرلەمانییە دیكتاتۆری تێدا دروست بووە چ جا ببێتە سیستەمی سەرۆكایەتی و هەموو دەسەڵاتەكان بروات بۆ سەرۆكی حكوومەت."
گوتیشی: "ئەگەر هات و هەموار كرا و زیان بە كورد گەیێندرا لەم هەموارەدا دەبێ ئەندامانی كورد ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم دەستوورە ڕەت بكەنەوە ئەگەر ڕەتیشی بكەنەوە ئەوا دوو لەسەر سێ ناهێنێت و هەر نادرێتە ڕاپرسیش ‌ لەم كاتەشدا وەك ئەوە وایە ئەم هەموارە هەر نەبووبێت و سەركەوتوو نابێت."
سه‌رباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار