٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

50 ملیۆنه‌كه‌ نادرێت به‌ په‌رله‌مانتار

سەرچاوە: KDP.info

به‌غدا -KDP.info- په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ له‌و 50ملیۆنه‌ پاشگەز بووەوە  کە بڕیار بوو بدرێتە په‌رله‌مانتاران بۆ ئەوەی ژیانی خۆیانی پێ باش بکەن.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕیار درا بە بڕینی ئەو برە پارەیەی بۆ پەرلەمانتاران تەرخان دەکرا كه‌ بۆ باشترکردنی ژیانیان بوو و بۆ ھەر پەرلەمانتارێک ٥٠ملیۆن دینار دانرا بوو به‌ڵام بڕدرا، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازییە کە دەکرێت و پارەکە دەگەڕێندرێتەوە بۆ خەزینەی دەوڵەت."

(عەرەفات کەرەم) گوتیشی، ھەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای معاھەدات پەسەند کرا، کە ماوەی ھەشت ساڵە لە پەرلەمان بوو.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، ھەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بڕیار درا کە ھەموو مەلەفێکی گەندەڵی لە پەرلەمان ودەرەوەی پەرلەمان ڕەوانەی لیژنەی نەزاھە بکرێ، پاشان ڕەوانەی دادگا بکرێ بۆ ئەوەی تۆمەتباران بدرێنە دادگا.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان به‌ڵام له‌بابه‌ت په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسایه‌ك، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: " لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەبارەی پرۆژەیاسای معاھەدات ھیچ ھەماھەنگی و كۆده‌نگییه‌ك لەنێوان پەرلەمانتارانی کورددا نەبوو ئایە دەنگ بەو پرۆژەیاسایە بدەن یاخود نەیدەن، چونکە پەرلەمانتارانی کورد هەماهەنگییان نەکردبوو."
ڕایشیگەیاند، ئەگەر ئەو ھەماھەنگییە نەبێت زیان بە کورد دەکەوێت، بۆیە داوا لەھەموو فراکسیۆنەکان دەکەم پێش ئەوەی دەنگدان لەبارەی ھەر پرۆژەیاسایەک بکرێت ھەماھەنگییان ھەبێت دەنگی پێ بدەن یاخود نا.
جێی ئاماژه‌یه‌، دوێنێ (جاف) به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی ڕاگەیاندبوو كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ش پرۆژە‌یاسا ده‌نگیان پێ ده‌درێت.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار