٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عوسمان عەلی وەیسی: هەرێمی کوردستان ئێستە لە دۆخی چۆلبوونی پۆستی سەرۆکی هەرێمدا نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   راوێژکاری یاسایی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و، دکتۆرا لە یاسای دەستووری (عوسمان عەلی وەیسی) پشتبەستوو بە دەق و ڕێکارە یاساییەکان جەخت دەکاتەوە: "لە دوای ١٩ـی ئەم مانگە، هیچ بۆشاییەکی یاسایی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم نایەتە کایەوە و، ئەگەر بڕیار بێت دوای ١٩ـی ٨ پابەندی یاسا و عورفی دەستووری بین، پابەندی دەقە یاساییه‌کان لە ئاستی کوردستان و عێراق بین، پابەندنی بڕیار و بۆچوونی دادگاکانی کوردستان و عێراق و پابەندی بۆچوونە راستەکانی یاساناسان و پابەندنی دروستی و سەلامەتیی یاسای هەموار کراوی تایبەت بە سەرۆکایەتیی هەرێم بین، هیچ بۆشاییەک روو نادات.

دکتۆر (عوسمان عەلی وەیسی) راوێژکاری یاسایی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و، دکتۆرا لە یاسای دەستووری بۆ "هەولێر" باسی پرسی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات لەدوای تەواوبوونی ویلایەت لە ١٩ی ئەم مانگە و، پێیوایە هەندێک لە یاساناسان و پەرلەمانتاران بێ ئەوەی زانیارییەکی وردیان لەسەر دەستوور و یاسا هەبێت زانیاریی هەڵە سەبارەت بەو پرسە بڵاو دەکەنەوە. ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە کوردستان دوای ١٩ـی ٨ ناکەوێتە بۆشاییی یاسایی و، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەپێی یاسا دەتوانێت لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.


ئەو دەڵێت، ئەگەر هەر یاساناسێک بیەوێت بە شێوەیەکی بێلایەنانە تاوتووی ئەو بابەتە بکات، هەم دەقی یاسای روون لە کوردستان هەیە هەم چوارچێوەی فقهی یاسایی و دەستووری لە کوردستان و عێراقیش، بابەتەکە بە روونی باسی لێوە کراوە. بەگوتەی (عوسمان عەلی وەیسی)، لە ماددە ١٥ـی یاسای ژمارە پێنجی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا باس لە چۆڵبوونی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات لەبەر هەر هۆیەک بێت و تێیدا باس لەوە کراوە کە بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ سەرۆکی پەرلەمان جێگەی دەگرێتەوە، کە دواتر هەڵبژاردن دەکرێ.


بەگوتەی ئەو پسپۆڕەی یاسا، لە ماددەی ژمارە ١٥ـی یاساکە باسی چۆلبوون یان "خلو" دەکات. ئەمە بابەتێکە کە لە چوارچێوەی دیراساتی یاسایی و ئەکادیمی و بڕیاری دادگای فیدراڵیش باسی لێوە کراوە، بەتایبەتی دوای نەخۆشکەوتنی (جەلال تاڵەبانی) سەرۆککۆماری پێشووی عێراق. ماددەکە تایبەتە بەوەی کە هیچ کێشەیەک لە ماوەی یاسایی دیاریکردنی سەرۆک و بەڕێوەچوونی دامەزراوە یاساییەکاندا نییە بەڵکو کێشەکە لە پێشهاتێکی لە نکاوە بۆ سەرۆک و بەهۆیەوە دۆخی چۆلبوون هاتبێتە کایەوە.


بە ڕای (وەیسی)، ئەو پێشهاتانەش لە دەستووری عێراق و یاساکانیشدا بە روون و ئاشکرا دیارە، کە سێ حاڵەت بەدەر نییە. یەکەمیان سەرۆکی وڵات خۆی واز بێنێت، کە لەو کاتەدا پۆستەکە چۆل دەبێ، دووەم سەرۆکی وڵات بمرێ کە لەوکاتەشدا چۆلبوونی پۆست روو دەدات و، حاڵەتی سێیەمیش بریتییە لە نەخۆشبوونی سەرۆک و تووشبوونی بە دۆخێک کە نەتوانێت بە ئەرکەکانی خۆی هەڵبستێت و چاکبوونەوەی دیار نەبێت. بۆیە لەو کاتەشدا پۆستەکەی بە چۆڵبوو حیساب دەکرێ.


بەوپێیە پرۆسەی سیاسی و یاسایی بە ئاسایی بەڕێوە دەچێ تا بە هەمان رێکار و بە هەمان شێواز کە سەرۆکی پێشووی پێ هەڵبژێردراوە، سەرۆکێکی نوێی پێ هەڵدەبژێردرێت. کەواتە، مەسەلەی چۆڵبوون کۆتاییهاتنی کەسایەتییەکی پێشتری دیاریکراوە بۆ دانانی لە هەمان پۆست.


دکتۆر (عوسمان عەلی وەیسی) روونی دەکاتەوە ئەوەی ئاماژەی پێکرد تایبەتە بە مادەی ١٥ـی یاساکە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوای ١٩ـی ئەم مانگە روو دەدات هیچ پێوەندییەکی بە ماددەی ١٥ـەوە نییە.


ئەو دەڵێ: "ئێمە، کە لەبەردەم حوکمی ماددەی ١٥ـدا نین، بە هەمان شێوە لەبەردەم حوکمی ماددەی ١٦ـیشدا نین. چونکە نە دەستلەکارکێشانەوەیەک پێشکەش بە پەرلەمان کراوە و نە سەرۆکیش تووشی حاڵەتێک بووە کە نەتوانێت ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی جێبەجێ بکات و، نە لە لایەن دوو لەسێی ئەندامانی پەرلەمانیش متمانەی لێ ستێندراوەتەوە، بەڵکو ئێمە لەبەردەم حوکمی کۆتاییهاتنی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانین. کە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ قەزا و فقهی یاساناسان."


هەروەک ئەو یاساناسە ئاماژەی پێدەکات، لایەنی دەستووریی پێوەندیدار بەو پرسە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە و، کاتێک کۆمسیۆن دەڵێ هەڵبژاردنم پێناکرێ، کەوایە یان لە رێگەی یاسا یان لە رێگەی دادگاوە دەبێ چارەسەری ئەو پرسە بکرێ.


ئەو پسپۆڕە یاساییە دەڵێت؛ لەو کاتەدا کە ماوەی ویلایەتی سەرۆک تەواو دەبێت دەبێ بۆ دەستوور و دادوەری و رای یاساناسان بگەڕێینەوە، کە بە سێ سەرچاوەی سەرەکیی یاسا دادەنرێن.


بەبۆچوونی دکتۆر (عوسمان عەلی وەیسی)، لە ماددەی ٦٨ی پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان راستە ئیلزامی نییە، بەڵام بەهایەکی زۆری هەیە و، لە ماددەکە بە جوانی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دوای تەواوبوونی ویلایەتی سه‌رۆک روون کردووەتەوە. هاوکات هەر لە ماددەی ٧٣ـی دەستووری عێراق، کە نزیکترین دەستوورە لە هەرێمی کوردستان، بە هەمان شێوە ئەو بابەتە روون کراوەتەوە. ئەو دەڵێ کاتێک سەیری پرۆژەی دەستووری هەرێم دەکەین، دەزانین کە یاساناسان چۆن سەیریان کردووە و پۆستەکە دەکەوێتە بەردەم پرۆسەی بەردەوامبوون تا ئەو کاتەی سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت بە پێی ئەو رێکارە یاساییانەی کە لە وڵاتدا هەن.


(وەیسی) جەخت دەکاتەوە کە پۆستی سەرۆکی هەرێم بەهیچ شێوەیەک لەبەردەم چۆڵبووندا نابێت، بەڵکو کوردستان لەبەردەم کۆتاییهاتنی ماوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، کە لە چوارچێوەی دەستوور و لەسەر بنەمای بەردەوامبوون، کە لە ماددەی ٧٣ـی عێراق و بڕگەی چواری ماددەی ٦٨ـی پرۆژەی دەستووری هەرێمدا بە روونی باسی لێوە کراوە.


لە ماددەی ٦٨ـی پرۆژەی دەستووردا هاتووە، "ئەگەر ماوەی سەرۆکایەتی تەواو بوو، بەڵام بە هۆی شەڕ یان کارەساتی سرووشتی نەتوانرا هەڵبژاردنی نوێ بکرێ بۆ سەرۆکێکی نوێ، ئەوکات سەرۆک لەسەر ئەنجامدانی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان بەردەوام دەبێ، تا کۆسپەکان لادەچن و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێ."


ئەو پسپۆڕەی یاسای دەستووری پێیوایە، ئەوەی ئاماژەی پێکرد دەقی عەقڵیەتی یاساییە لە کوردستان کە هیچ لایەنێکی سیاسی، نە لە کابینەی پێشوو و لە لە ئێستا و نە لە لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکانی کوردستان و عێراق، کێشەیان لەگەڵیدا نییە.


دکتۆر (عوسمان عەلی وەیسی) ئەوە دەخاتە ڕوو، لە هەردوو حاڵەتی چۆلبوون یان تەواوبوونی ویلایەت، دەبێ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بمێنێت، چونکە سەرۆک یەکێکە لە پێداویستییەکانی سیستەمی پەرلەمانی.


لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە، بۆچی ئەگەر چۆلبوون رووی دا سەرۆکی پەرلەمان جێی دەگرێتەوە و، ئەگەر کۆتایی ماوەی ویلایەت بوو، سەرۆک لە دەستەڵاتەکانی بەردەوام دەبێت تا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت؟ ئەو پسپۆڕەی بواری یاسا هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە سەرۆکی وڵات نوێنەرایەتیی سەروەریی گەل دەکات و کارەکانی لە دەستووردا پێیان دەگوترێت کاره‌کانی سه‌روه‌ری"اعمال سیادە"، کە پێوەندییان بە سەروەریی گەله‌وه‌ هەیە و نابێت بوەستێندرێن. یاساناسانی وڵاتانیش ئەو بابەتەیان زۆر بە جوانی شڕۆڤە کردووە.


بە ڕای دکتۆر (عوسمان عەلی وەیسی)، ئەوەی لەو چوارچێوەیەدا پێویستە شرۆڤە بکرێت ئەوەیە، ماددەی ٧٣ـی دەستووری عێراق و ماددەی ٦٨ـی پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان روون و ئاشکرایە و ئەوەندە روونکردنەوەیە هەڵناگرێت تا هەر گەنج و پەرلەمانتارێکی بەڕێز بە حەزی خۆی تەفسیری بکات.


ئەو داوایش دەکات، ئەو پەرلەمانتارانەی کە لە رووی نابەرپرسیارییەتی قسە دەکەن، یان ئەو یاساناسانەی کە زانیاریی ورد و دروستیان لەبارەی بابەتەکەوە نییە، بە دەقە دەستووری و بڕیارە دادگاییەکاندا بچنەوە و کتێبی دەستوورناسە ناسراوەکان بخوێننەوە. چونکە بابەتی دەستوور ئەوە نییە هەر پەرلەمانتارێکی بەڕێز راست بوویەوە بۆ مەبەستی حزبی و سیاسی شیکردنەوە بکات و، بە ئاراستەیەکدا قسە بکات کە لە مێژووی سیاسی و یاسایی کوردستاندا مایەی شەرمەزارییە.


دکتۆر (عوسمان عەلی وەیسی) پشتبەستوو بە دەق و ڕێکارە یاساییەکان جەخت دەکاتەوە: "لە دوای ١٩ـی ئەم مانگە، هیچ بۆشاییەکی یاسایی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم نایەتە کایەوە و، ئەگەر بڕیار بێت دوای ١٩ـی ٨ پابەندی یاسا و عورفی دەستووری بین، پابەندی دەقە یاساییه‌کان لە ئاستی کوردستان و عێراق بین، پابەندنی بڕیار و بۆچوونی دادگاکانی کوردستان و عێراق و پابەندی بۆچوونە راستەکانی یاساناسان و پابەندنی دروستی و سەلامەتیی یاسای هەموار کراوی تایبەت بە سەرۆکایەتیی هەرێم بین، هیچ بۆشاییەک روو نادات.
پرسەکە کۆتاییهاتنی ویلایەتە، کە دەبێ بەرەو هەڵبژاردن بچین، ئەگەر هەڵبژاردنیش نەکرا بەهۆی بارێکی نائاسایی و ئامادەنەبوونی دامەزراوەی دەستووری، ئێمە لەبەردەم بەردەوامبوونی سەرۆکایەتیداین تا ئەو کاتەی سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت."
 

هەواڵی پەیوەندیدار