هاووڵاتیانی هەرێم بۆ دەركردنی پاسپۆرت پێویستیان بە بەغدا نامێنێت

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژەیاسای پاسپۆرت دەخرێتە دەنگانەوە و پەسەند دەكرێت، دوای پەسەندكردنیشی هیچ هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان پێویست ناكات بۆ دەركردنەوەی پاسپۆرت سەردانی بەغدا بكات.
(د. ئەردەلان نوورەدین) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە KDP.infoـی راگەیاند: "لەمەوپاش هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دوای ونكردنی پاسپۆرتەكانیان پێویستیان بە سەردانكردنی شاری بەغدا نابێت و بەڕێوەبەرایەتییەكانی پاسپۆرت لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی پێدانی پاسپۆرتیان دەبێت".
(نوورەدین) گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە بۆ هەرێمی كوردستان گرینگە و سەرجەم كوتلە كوردستانییەكان لەگەڵ ئەوەن ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بكرێت، بۆیە ئەمڕۆ هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی یاساكە بخرێـتە دەنگدانەوە و پەسەند بكرێت، دوای پەسەندكردنیشی یاساكە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە".
رابین شێروانی




