٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دایكی شەهیدانی كوردستان: برینی دڵی دایکە جەرگ سووتاوەکان قووڵتر مەکەن.. داواتان لێ دەكەم رێك‌كەون

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info-  دایكی شەهیدانی كوردستان، داوا لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكات رێز لە خوێنی شەهیدانی كوردستان بگرن و، لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم رێك‌بكەون. دەشڵێت، ئەوەی ئێستا دەیكەن هەست و سۆزی كەسوكاری شەهیدانی بریندار كردووە.

(دایكە عائیشە) دایكی شەهیدانی كوردستان، لە رێگای ماڵپەڕی KDP.infoـوە رایدەگەیێنێت: "ئەوەی لە هەرێمی كوردستان پشتگیری لە هێزی پێشمەرگە و دایكی شەهیدان دەكات (سەرۆك بارزانی)‌ـیە، من وەك دایكی شەهیدانی كوردستان كە سێ كوڕم لە بەرەكانی شەڕ لە كاتی رزگاركردنی زوممار پێكەوە شەهید بوون، بە نوێنەرایەتیی دایكی هەموو شەهیدانی كوردستان، داوا لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكەم، شتێكی وەها بكەن خوێنی شەهیدانی كوردستان بە فیڕۆ نەچێت، چونكە ئەوەی ئەوان ئێستا دەیكەن هەست و سۆزی كەسوكاری شەهیدانی بریندار كردووە".

دایكی شەهیدانی كوردستان ئاماژەیشی دا: "بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدەكانمان بە فیڕۆ نەچێت و كورد بە هیوا و ئاواتەكانی خۆی بگات، داوا لە  هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكەم ئەگەر بیانەوێت رێز لە خوێنی شەهیدان بگرن، با لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم بگەنە سازان و ڕێك بكەون، یان ئەو دەرفەتە بە كەسوكاری شەهیدان بدەن و سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت، ئەگینا هەر شێوەیەكی دیكەی خۆسەپاندن بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ئەوا بە واتای قووڵترکردنی برینی دڵی ئێمەی کەسوکاری شەهیدانە و ڕەنگە ناچار بین هەڵوێست بگرین".

گوتیشی: "وەك دایكی شەهیدانی كوردستان، پشتگیری لە پەیامی (سەرۆك بارزانی) بۆ هێزی پێشمەرگە دەكەم و، دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی سەرۆكی هەرێم و داوا لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكەم، شتێكی وەها بكەن خوێنی شەهیدانی كوردستان بەفیڕۆ نەچێت و هەروەها چی دیكە یاری بە هەست و سۆزی كەسوكاری شەهیدانەوە نەكەن".

رابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار