ژماره‌ى دانیشتوانى پارێزگاى دهۆك سەدا65 زیادى كردووه.. به هۆی ئاواره‌كانه‌وه‌یه

دهۆك-KDP.info- جێگرى پارێزگارى دهۆك ئاشكراى كرد، له سنوورى پارێزگاى دهۆك ژماره‌ى دانیشتووان سەدا65 زیادى كردووه به‌هۆى ئاواره‌كان و په‌نابه‌ران كه له 16 كه‌مپى ئاواره‌كان و 4 كه‌مپى په‌نابه‌ران جێگیر كراون.
جێگرى پارێزگارى دهۆك (ئیسماعیل محه‌مه‌د) به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانـی ڕاگەیاند:"شارى دهۆك ئەوەندە ئاواره‌ی تێ ڕژاوه، ئێستا ژماره‌ى دانیشتووانەکەی بووەتە نزیكه‌ى ملیۆنێک‌و200هه‌زار كه‌س؛ کەواتە سەدا65 زیادى كردووە."
(ئیسماعیل محه‌مه‌د) دەر‌باره‌ى گواستنه‌وه‌ى ناسنامه و پسووله‌ى خۆراكیش گوتى:" گواستنه‌وه‌ى ناسنامه‌ى بارى شارستانى و پسووله‌ى خۆراكى ئاواره‌كان بۆ شاره‌كانى هه‌رێم کارێکی نەکردەیە و ناکرێ."
پە‌یوه‌ست به خزمه‌تگوزارییه‌كانیش جێگرى پارێزگارى دهۆك گوتیشى: "سنوورى پارێزگاى دهۆك، 16 كه‌مپى ئاواره‌نشین و 4 كه‌مپى په‌نابه‌رنیشی لێیە؛ دووى تریش وا خەریکە دروست دەکرێت. بە هەموویەوە زیاتر له 3400 دۆنم زه‌وییان بۆ ته‌رخان كراوه. هەموو خزمه‌تگوزارییەکیشیان بۆ دابین کراوە؛ لە ئاو و كاره‌باوە بگرە هەتا خزمه‌تى ته‌ندروستى. نزیكه‌ى 34هه‌زار خێزان ده‌بن گشتیان فێنکەوەکەر (مبەڕیده)مان به سه‌ریاندا دابه‌ش كردووه. بێجگە لەوە خۆراكیشیان بۆ دابین دەکرێت. تا مانگى 8، ملیۆنێک‌و100هه‌زار كه‌س له ئاواره‌كان لەبەر نەخۆشی ڕوویان له نه‌خۆشخانه‌كان كردووه."
نەشوان بەرزنجی




