بەرەی توركمانی: هیوادارین لایەنەكانی دیكەیش وەكو پارتی هەڵوێستیان هەبێت

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی دوێنێ فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان پشتگیریی خۆی بۆ مافی پێكهاتەكان لە لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور راگەیاند، سەرۆكی فڕاكسیۆنی بەرەی توركمانی دەڵێت: "ئەم هەڵوێستە بەرز دەنرخێنین و هیوادارین لایەنەكانی دیكەیش هەڵوێستیان هەبێت، بە تایبەت گۆڕان و یەكێتی".
(ئایدن مەعرووف) سەرۆكی فڕاكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، بە KDP.infoـی راگەیاند: "دوای ئەوەی لە لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور مافەكانی ئێمە لە بەرچاو نەگیران و لە كۆبوونەوەی دوێنێ كشاینەوە، ئەمڕۆ جارێكی دیكە هەردوو پێكهاتەی مەسیحی و توركمان نەچوونەتە كۆبوونەوە و سوورین لەسەر ئەوەی پێویستە مافەكانمان لە دەستووردا گەرەنتی بكرێن".
(ئایدن) گوتیشی: "هەڵوێستی پارتی بۆ پشتگیریكردن لە مافەكانمان بەرز دەنرخێنین و هیوادارین لایەنەكانی دیكەیش بە تایبەت گۆڕان و یەكێتی هەڵوێستیان هەبێت، چونكە ئەمە كێشەیەكی سیاسی نییە و یاسایی و دەستوورییە، بۆیە پێویستە لە دەستووردا مافەكانی ئێمە گەرەنتی بكرێن".
ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئێستا لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور لە كۆبوونەوەدان و هیوادارین بە داواكارییەكانی ئێمە رازی بن".
بڵند ئیبراهیم




