٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی قادر داوایەكی یاسایی لە دژی مالیكی بردەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  دادگای باڵای كارگێڕی لە عێراق داوایەكی یاسایی دژ بە (نووری مالیكی) لە بەرژەوەندیی (عەلی قادر) سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان یەكلا كردەوە و، دوای نزیكەی 2 ساڵیش لە دوورکەوتنەوەی، ئەمڕۆ لە پۆستەی دەستبەكار دەبێتەوە.

بەپێی نووسراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی (عەلی قادر) کە کۆپیێکی بۆ KDP.info نێردراوە، دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2014 بە فەرمانێكی (نووری مالیكی) سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، (عەلی قادر) لە پۆستی سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان سەر بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دوور خرایەوە و دواتر ناوبراو سكاڵای تۆمار كرد، دادگەی باڵای كارگێڕی لە عێراق داواكەی لە بەرژەوەندیی (عەلی قادر) یەكلا كردەوە و دوای نزیكەی 2 ساڵ ناوبراو ئەمڕۆ لە پۆستەی دەستبەكار دەبێتەوە.
بە نووسراوی ژمارە 331 لە 19/1/2014 ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، پاڵپشت بە فەرمانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (نووری مالیكی) بە ژمارە 4 كە لە رۆژی 14/1/2014 دەركراوە، فەرمانی دوورخستنەوەی (عەلی قادر) سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی پێشووی عێراقی لە پۆستەكەی دەركرد، دواتر (عەلی قادر) رۆژی 20ـی هەمان مانگ لە ئەنجوومەنی شوورا و دادگەی باڵای كارگێڕی، سكاڵای لە دژی دوورخستنەوەی تۆمار كرد.
دوای بینینی داواكە و گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەكان، دادگەی باڵای كارگێڕی كەیسەكەی لە بەرژەوەندیی (عەلی قادر) یەكلا كردەوە، پاشان لایەنەكانی بەرانبەر تانەیان لە بڕیاری دادگەی باڵای كارگێڕی دا لە دادگەی تەمییز، ئەوە بوو دادگەی باڵای تەمییزیش لە عێراق دوای لێكۆڵینەوە و وردبوونەوە لە تانەلێدانەكە بە فەرمانی 525 كە لەرۆژی 7/5/2015 دەرچووە، پشتیوانی لە بڕیاری دادگەی باڵای كارگێڕی كرد.
پاش بڕیاری دادگە و یەكلابوونەوەی كەیسەكە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق لە رۆژی 4ـی ئابی ساڵی 2015 فەرمانی دەستبەكاربوونەوەی بۆ (عەلی قادر) دەركرد بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر كار، 9ـی ئاب ناوبراو لە پۆستەكەی دەستبەكار بووەوە.


 

هەواڵی پەیوەندیدار