لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ كۆ دەبێتەوە

بەغدا-KDP.info- جێگری لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ دەڵێت، ئەمڕۆ لیژنەكەیان تایبەت بە راپۆرتی كەوتنی مووسڵ كۆ دەبێتەوە و، كاریش بۆ راگەیاندنی ئەنجامەكەی لە حەفتەی داهاتوودا دەكەن.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) جێگری لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ، بە KDP.infoـی ڕاگەیاند: "ئەمرۆ لیژنەی تایبەت بە كەوتنی شاری مووسڵ كۆ دەبینەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردەكانی كۆتایی دەكەین بۆ ئەوەی راپۆرتەكە تەواو بكەین".
جێگری لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ گوتیشی: "لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا كارەكان تەواو دەكەین و هەوڵیش دەدەین لە حەفتەی داهاتوودا ئەنجامەكەی ئاشكرا بكەین".
10ـی حوزەیرانی پارساڵ، شاری مووسڵ كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و تا ئێستایش رزگار نەكراوە، لە دوای كەوتنی ئەو شارە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لیژنەیەكی تایبەت بە كەوتنی مووسڵی پێك هێناوە و كارەكانیان بەرەو كۆتایی دەڕوات بۆ ئاشكراكردنی كەسانی كەمتەرخەم لە كەوتنی شارەكە.
نەشوان بەرزنجی




