ئومێد خۆشناو: دوای ڕووداوه‌كان سكرتێره كاتییه‌كه‌ی په‌رله‌مان ئه‌نجامه‌كه وه‌رده‌گرێته‌وه

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی زه‌رد له په‌رله‌مانی كوردستان، به بیرى ''سكرتیره كاتییهكهى په‌رله‌مان'' دههێتێتهوه كه "به‌و لێدوانه ههرزهكارانەیهوه" مهكانهتهكهى له ده‌ست ده‌دات و ده‌یشڵێ، له ساڵى 1992ەوه تا ئه‌مڕۆ به‌و ده‌مانه‌ى كه شه‌ڕى ناوخۆیش هه‌بوو، هیچ سكرتێرێكى په‌رله‌مان به‌و شێوازه له كێشه سیاسییه‌كاندا ڕۆڵى نه‌رێنییان نه‌بووه و وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا تێكه‌ڵى كێشه و ململانێكان نه‌بووه!
(ئومێد خۆشناو) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان، بۆ KDP.info گوتی: "له وه‌ڵامى به‌شێك له په‌یامه‌كه‌ى (سه‌رۆك بارزانی)، سكرتێرى په‌رله‌مانى كوردستان وه‌ڵامێكى دوور لە ئیتیكى ئه‌ندام په‌رله‌مانى و زۆر هه‌رزه‌كارانه‌ی داوه‌ته‌وه، كه به‌شێك ده‌بێت له (ئیستبزاز) و بێ ئومێدى له گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر و سازان، بۆیه ئێمه به (فه‌خره‌دین قادر) ده‌ڵێین، كه باس له میسداقیه‌ت ده‌كات و واى نیشان ده‌دات، لێى ده‌پرسین كه‌سێك میسداقیه‌ت له ده‌ست ده‌دات كه هەیبووبێ، نه‌ك سكرتێرى ئێستاى په‌رله‌مان كه له بنەڕه‌تدا میسداقیه‌تى نییه، له‌به‌ر ئه‌وه بهبیرى ده‌هێنینه‌وه كه نه به حەقی كه‌سیى خۆى ئەو جێگایەی گرتووە، نه به هەقی حزبەکەى كه فراكسیۆنى چواره‌من له په‌رله‌مانى كوردستاندا، كه بۆ چه‌ند ڕۆژێك سكرتێرى په‌رله‌مان بووه به‌و پۆسته كاتییهیهوه نه‌ك بێلایه‌نیی خۆى نه‌پاراستووه، به‌ڵكه زۆر به ڕوونى دیاره كه لایەنگره و به‌شێكیشه له كێشه‌كان!"
(خۆشناو) گوتیشى، ''سكرتێرى په‌رله‌مان له ته‌واوى كێشەکانی ئەو ماوەیەدا نه‌ك هه‌ر بێلایه‌نیی خۆى نه‌پاراستووه، به‌ڵكه زۆر به ڕوونى دیاره لایەنگره و به‌و ده‌ربڕینانه‌ى هه‌یه‌تى به‌شێك بووه له كێشه‌کانی به‌ر له 23ى حوزه‌یران، به‌ڵام به تایبه‌ت له دواى 23ى حوزه‌یرانه‌وه سكرتێرى په‌رله‌مان ئه‌و میسداقیهتهى له ده‌ست داوه؛ بۆیه به گرینگى ده‌زانین بهبیرى بێنینه‌وه بۆ خۆى باشتره ئه‌و مه‌كانه‌ته كاتییه‌ی دراوە پێی بیپارێزێت، نه‌ك هه‌یبه‌ت و هه‌یمه‌نه‌ى خۆى له‌کیس بدات.''
سەرۆكی فراكسیۆنی زه‌رد ده‌یشڵێت، ''له ساڵى 1992 و یه‌كه‌م هه‌ڵبژرادن و یه‌كه‌مین خولى په‌رله‌مانه‌وه تا ئه‌مرۆ هیچ سكرتێرێكى په‌له‌مان به‌و شێوازه له كێشه سیاسییه‌كاندا ڕۆڵى سلبیی نه‌بووه وه‌ك ئه‌م، تێكه‌ڵى كێشه و ململانێكان نەبووه، له‌و ده‌مانه‌ى كه شه‌ڕى ناوخۆش هه‌بوو سكرتێره‌كانى په‌رله‌مان خۆیان له‌و جۆره كێشانه به‌دوور گرتووه، به‌ڵام ئه‌و سكرتێره كاتییهى ئێستاى په‌رله‌مان له‌و وه‌ڵام و گوتن و ده‌ربڕینه حزبیانه‌ى كه كردوویه‌تى بووەته به‌شێك له گرفته‌كان و بووەته به‌شێك له ململانێكان، ئه‌و سكرتێره كاتییهى ئێستا نه‌ك مسداقیه‌تى نییه، هه‌ر مسداقیه‌تى نه‌بووه، به‌و ههڵسوكهوتانهیشى ته‌واوى مسداقیهتهكهى خۆى له ده‌ست دا؛ جا به دڵنیاییه‌وه دواى ڕووداوه‌كان كاك (فه‌خره‌دین) ئه‌نجامه‌كه‌ى وه‌رده‌گرێته‌وه."




