دەزگای بارزانی پێداویستیی تەندروستی بەخشییە نەخۆشخانەی كۆماریی هەولێر

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی هاوكاریكردنی زیاتری كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازییەكانی وڵاتی سوید، چەندین جارە هاوكاریی تەندروستی و هەروەها پێداویستیی پەنابەران دەگەیەننە هەرێمی كوردستان، لەو میانەیەیشدا كەلوپەل و پێداویستیی تەندروستییان بەخشییە نەخۆشخانەی كۆماریی فێركردنی هەولێر.
لە هەڵمەتێكدا و بە ئامادەبوونی (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و (د. سامان حوسێن) بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، ئەو كۆمەك و هاوكارییە تەندروستیانە بەخشرایە نەخۆشخانەكە كە لەلایەن رێكخراوە خێرخوازییەكانی وڵاتی سویدەوە بە هاوبەشی لەگەڵ پەیوەندییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رەوانەی هەرێمی كوردستانیان كردبوو، پێداویستییەكانیش بریتی بوون لە: (ئامێری سۆنەر و هێڵكاریی دڵ، چەرچەف، عارەبانەی ویلچەرخ، قەرەوێڵە، جیهازی گەورە و بچووكی تەندروستی، دۆشەك و 100 كارتۆن پێداویستیی دیكەی تەندروستی، كورسی).
لەو بارەیەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كۆماری، كۆمەڵێك پێداویستیی گرینگی پێشكەشی نەخۆشخانەكە كرد كە لە رێگەی رێكخراوێكی سویدییەوە هێنراوەتە كوردستان، ئێمەیش لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی درێخیمان نەكردووە لە سەرجەم بوارەكاندا و هاوكاری خەڵكی كوردستان دەكەین، لە ڕووی تەندروستییشەوە درێخیمان نەكردووە لە دابینكردنی پێداویستیی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەكان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەركی نەخۆشخانەكان قورستر بووە، بۆیە بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازییە جیهانییەكان بەردەوام دەبین لە دابینكردنی پێداویستیی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان".
لەلای خۆیەوە (د. سامان حوسێن) بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر گوتی: "بۆ جارێكی دیكە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری و پێداویستی گەیاندە نەخۆشخانەی فێركاری، ماوەی چەند ساڵێكە دەیان جارە دەزگا هاوكاری و پاڵپشتییە تەندروستییەكان دەگەیەنێتە بنكە تەندروستی و نەخۆشخانە گشتییەكان، هەروەها لەناو كەمپەكانیش بەهەمان شێوە رۆڵی گەورە و بەرچاویان هەیە و ئەو رۆڵەیان بەرز دەنرخێنین، ئێستاكە هەرێمی كوردستان بە هۆی بارودۆخی خراپی ناوچەكە و شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە توانا داراییەكانی سنووردارن، بۆیە دەزگا پێداویستییەكانی نەخۆشخانەكانی پڕ كردووەتەوە، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین و ئومێدی سەركەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین، دەزگا ئەمڕۆ كۆمەڵێك پێداویستیی گرنگی تەندروستیی جۆراوجۆری گەیاندووەتە نەخۆشخانەی كۆماری، كە پێویستییەكی زۆری نەخۆشخانەكەمانە و زۆر سوپاسیان دەكەین و ئومێد دەكەین رێكخراوەكانی دیكەی جیهانی كۆمەك و هاوكاریی بواری تەندروستیی هەرێمی كوردستان بكەن".




