مەترانی كلدانییەكان: دەبێ یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین.. پێویستە سەرۆك بارزانی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە

دهۆك-KDP.info- (مەتران رەبان ئەلقەس) مەترانی كلدانی لە پارێزگای دهۆك رایگەیاند: "ئەو قۆناخە گرینگ و هەستیارەی كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، یەكگرتوویی و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیمان لێ دەخوازرێت و دەبێت بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی كوردستان بخەینە پێش بەرژەوەندیی كەسی و حزبییەوە".
(مەتران رەبان ئەلقەس) مەترانی كلدانی لە پارێزگای دهۆك، بە KDP.infoـی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان گەییشتووینەتە قۆناخێكی گرینگ و هەستیار، بۆیە بە پێویستی دەزانین (سەرۆك بارزانی) لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی خاوەن توانا و ئەزموونە بۆ بەڕێوەبردن و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ رووی لە هەرێمەكەمان كردووە، هەر بۆیە دەبێت هەموو لایەنەكان بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی بەلاوە بنێن و بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان لە بەرچاو بگرن، چونكە ئەو پاپۆڕەی ئێمەی تێداین ئەگەر هەموو لایەك هاوكار نەبین لە گەیاندنی بە كەناری ئارامی، هەموومان بەیەكەوه نقوم دەبین، لەبەر ئەوەی ئێمە دەوڵەت نین و وڵاتانی جیهانیش جارێ ددانیان بە دەوڵەتبوونی هەرێمەكەماندا نەناوە، ئەمڕۆیش جیهان هەمووی باسی رۆڵ و كاریگەری و تواناكانی (سەرۆك بارزانی) دەكەن و دەیناسن، بۆیە پێویستە لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بمێنێتەوە".
پێوەست بە پێویستیی مانەوەی (سەرۆك بارزانی)ـیش، (مەتران رەبان) نموونە بە (چەرچڵ) و (دیگۆل) دەهێنێتەوە و دەڵێت، هەروەكو لە سەردەمی جەنگی یەكەم و دووەمی جیهانیدا بەرژەوەندی باڵای وڵات ڕەچاو كرا بە هۆكاری ئەوەی وڵاتەكەیان لە شەڕێكی قورسدا بوو، (چەرچل) دووبارە لە بەریتانیا هەڵبژێردرایەوە، هەروەها (شارڵ دیگۆل) لە فەڕەنسا لەسەر كورسییەكەی مایەوە بۆ ئەوەی بۆشایی دروست نەبێت و قەیرانەكەیشیان تێپەڕێنن.
مەترانی كلدانییەكان لە پارێزگای دهۆك، داوای یەكگرتن و یەكهەڵوێستی و یەكڕیزی لە هەموو لایەنەكانیش دەكات و باوەڕی وایە، ئەوەندە بیر لە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و شەخسی نەكەنەوە و بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی كوردستان بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەكەوە.




