داعش لە مووسڵ خەڵك ناچار دەكەن بەیعەتیان پێ بدەن

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دەڵێت، تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ خەڵكی ناچار دەكەن كە پێویستە بەیعەتیان پێ بدەن و، زیاتریش گوشار بۆ ئەو كەسانە دەهێنن كە هاتوچۆی مزگەوتەكان دەكەن.
(عیسمەت رەجەب) بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە KDP.infoـی راگەیاند، لە ئێستادا تیرۆریستانی داعش لەناو شاری مووسڵ هەڵمەتێكی فراوانیان دەست پێ كردووە كە گەنج و پیاوانی مووسڵ ناچار دەكەن پێویستە بەزۆر بەیعەت بە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بدەن و، ئەم كارەیش زیاتر لە رێگەی مزگەوتەكانەوە دەكەن.
(رەجەب) گوتیشی، تیرۆریستانی داعش سێ كاندیدی دیكەی هەڵبژاردنی پێشووی عێراقیان لە ناوچەی دەندان لەلای راستی شاری مووسڵ بە ناوەكانی (عەزمی زنانی)، (جەمال جەمیل) و (برهان) گوللـەباران كردن، ئەمەیش لە كاتێكدایە تاوەكو ئێستا ژمارەیەكی زۆری كاندیدانی هەڵبژاردنەكان كە لە كوتلە جیاوازەكان دەرنەچوون، گوللـەباران كراون.
بڵند ئیبراهیم




