ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پڕۆژەیەكی بۆ چاكسازی ئامادە كرد

بەغدا-KDP.info- دوای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری كۆمەڵێك چاكسازیی دەركرد، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش پڕۆژەبڕیارێكی 16 خاڵی دەركردووە و، بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەندا، لەگەڵ پڕۆژەبریارەكەی حكوومەتی عێراقدا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.
(د. تاریق گەردی) جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە KDP.infoـی راگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری كۆمەڵێك چاكسازی دەركردووە، دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پڕۆژەیەكی ئامادە كردووە، بۆیە دەكرێ لێك بدرێت و لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو پڕۆژەبڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكرێت".
(د. تاریق) گوتیشی: "وەكو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان سەرقاڵین كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەین و، پێمان باشە چاكسازی لەم وڵاتەدا بكرێت، بەڵام هەموو شتێك لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا بێت، هەروەها حیسابی ئەوەیش بكەن بەرژەوەندیی كورد لە بەرچاو بگیرێت و مافی نەخورێت".
(گەردی) دەیشڵێت: "بە بۆچوونی من دانیشتنی ئەمڕۆ زیاتر گفتوگۆ دەبێت و دەنگ بە پڕۆژەكە نادرێت ".
جێی ئاماژەیە، رۆژی یەكشەممەی ڕابرد، بە گوێرەی راگەیێندراوێكی نووسینگەی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە پشتبەستن بە ماددەی 78ـی دەستووری عێراق، بڕیاری كۆمەڵێك چاكسازی درا كە گرینگترینیان لابردنی گشت جێگرەكانی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران و كەمكردنەوەی پاسەوانەكانی هەموو بەرپرسان بوو.
لە كۆبوونەوەی دوێنێی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران و لیژنەكان و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقیش پڕۆژەیەكی ١٦خاڵیی بۆ چاكسازی پێشكەش كرد.
نەشوان بەرزنجی




