٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێکی سیاسی: ئه‌گه‌ر ته‌وافق نه‌ما حكوومه‌تی دابێ له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه ‌و كه‌مینه‌ ده‌بێ

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-ماموستای زانکۆ (د. ساڵح مەلا عومەر) ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر ته‌وافق نه‌ما حكوومه‌تی دابێ له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌مینه‌ و زۆرینه‌ پێك ده‌هێنرێ، ئاخر ئێستا ده‌بێ لایه‌نه‌كان به‌ ڕوونی سەیر بكه‌ن كه‌ به‌ ته‌وافق ئه‌وان پۆسته‌كانیان له ‌پارتی زیاتر وه‌رگرتووه ئه‌گه‌رنا نه‌یانده‌توانی ئه‌و هه‌موو پۆسته‌ به‌ده‌ست بهێنن.
چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ دکتۆر (ساڵح مەلا عومەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو پەیامەی دوێنێ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم ڕایگه‌یاند، بڕوایەکی تەواوە بە پرنسیپەکانی دیموکراسیەت و داوا لە لایەنەکان دەکات چۆن پۆستەکانی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێم  و پۆستی سەرۆککۆمار وجێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتەکانی دیکە دابەش کراون، پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش بەو شێوەیە چارە بکرێت."
ئەو چاودێرەی سیاسی ڕوونیشی کردەوە، پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) ئەوەش دەگەیێنێت ناکرێت ئەو لایەنانەی کە تەوافق لە بەرژوەندی خۆیان بوو پێی ڕازی بن و ئەگەر لەبەرژەوندی خۆیان نەبێت دژی بووەستن و لەمەدا داوا دەکات سنوورێکیان بۆ دابنرێت و پێیان بڵێن کە باوه‌ڕتان بە تەوافق نەما بگەڕێینەوە بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە، دواتر ھەموولایەک دەرئەنجامەکان قبوڵ بکات و حکوومەتی داھاتووی ھەرێم ئەوکات بەپێی کەمینە و زۆرینە دەبێت نەک بەپێی تەوافق کە ئێستا ھەیە .
(د.ساڵح)دەیشڵێ، بۆ لایەنگرانی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش قبوڵ ناکرێت، کە پارته‌كه‌یان لەبەغدا٢٥ کورسی ھەبێت تەنھا یەک وەزارەت و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی  ھەبێت، کە ڕەنگە لەچەند ڕۆژی داھاتوویشدا ئەوەش نەمینێت، بەڵام لایەنێک بە ٢١کورسی سەرکۆمار و وەزیرێکی ھەبێت و لایەنێکی دیکە بە ھەشت کورسی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتێکی ھەبێت، بۆیە پێویستە لایەنەکان واقعبینیانە تەماشای ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بکەن، کە لەسەر بنەمای تەوافق بووە ئەو ھەموو پۆستەیان بەدەست ھێناوە کە زیاتره‌ لە پۆستەکانی پارتی، ئەگەرنا نەیاندەتوانی ئەو ھەموو پۆستە بەدەست بێنن.
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار