پەرلەمانتارێكی پارتی: ئەو كەسانەی لادراون هیچ شوێنێكیان بۆ دیاری نەکراوە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، هەر پڕۆژەیەكی چاكسازی بێتە پەرلەمان، ئەوان دەنگی پێ دەدەن، بەڵام لە هەندێكی ئەو بڕیارانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ چاكسازی داویەتی، سەرپێچیی یاسا و دەستوور كراوە، بۆیە جێبەجێكردنیان ئاسان نییە.
(ئەردەلان نوورەدین) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە KDP.infoـی راگەیاند: "ئەو بڕیارانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ چاكسازی لە عێراقدا داویەتی، پەلەی لێ كراوە و بەرنامەی بۆ دانەنراوە، جگە لەوەیش سەرپێچیی یاسا و دەستوور كراوە و سەرۆكوەزیرانیش زیاد لە سنووری خۆی، دەسەڵاتی بەكار هێناوە، چونكە بۆ نموونە جێگرانی سەرۆكوەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەیان پێ دراوە و مافی سەرۆكوەزیران نییە لایان بدات و، پێویستە ئەو كارە پەرلەمان بیكات".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، خاڵێكی دیكەی لاوازی ئەو بڕیارانە ئەوەیە، ئەو كەسانەی لایداون هیچ شوێنێكی بۆ دانەناون، تەنانەت باسی ئەوەیشی نەكردووە كە خانەنشین دەكرێن، چونكە ناكرێت هەر وا بچن لە ماڵەوە دابنیشن.
هەروەها گوتیشی، ئەو بڕیارانەی دراون زیاتر عاتفین و وەڵامدانەوەی داواكاریی خۆپێشاندەرانە، ئەگینا جێبەجێكردنیان ئاسان نییە.
(ئەردەلان) دەشڵێت: "ئێمە وەكو فڕاكسیۆنی پارتی لەگەڵ چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵیداین و، دەنگیش بە هەر پڕۆژەیەكی چاكسازی دەدەین كە لە بەرژەوەندیی خەڵكیدا بێت".
رەتیشی كردەوە كە، فڕاكسیۆنی پارتی مەرجی ئەوەی دانابێت دەنگ بە پرۆژەی چاكسازیی (عەبادی) بدات ئەگەر جێگری سەرۆكی پەرلەمان لابدرێت كە كوردە و (ئارام شێخ محەممەد)ـە.
بڵند ئیبراهیم




