٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لەبارەی پەیامەكەی سەرۆك بارزانییەوە

سەرچاوە: KDP.info

زکری مووسا

ڕەنگە ئەم پەیامە لە سەرەتادا ڕووبەڕووی كۆمەڵێك قەزاوەتی زبر و ناواقیعی ببێتەوە. ڕەنگە بڵێن بارزانی هەموو ئەو قسانەی بۆ ئەوەیە كە لەسەر كورسی بمێنێتەوە. ڕەنگە بڵێن بارزانی وەك سەرۆك نەدواوە و لە قاڵبی پارتیبوون نەچووەتە دەر. بەڵام ئایا تەنیا بەو خوێندنەوە سادانە سەیری پەیامەكە بكەین یان قووڵتر بڕوانینە ئامانجی بارزانی لە وتەكانی.
١- پەیامەكەی بارزانی بیرهێنانەوەی زۆری تێدا بوو. ئەو لە قۆناغی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین هەتا ئێستا لەگەڵ ڕووداوەكان بووە و، ئەندازیارێكی سەرەكیی ئەو سیستەمەیە كە بە هەموو كەموكوڕییەكانییەوە سیستەمێكە بواری بۆ فرەیی سیاسی و هزری كردووەتەوە. ئەو باش دەزانێ ئەو سیستەمە لەسەر چ بنەمایەك دامەزراوە و ئەگەر ئەم بنەمایانە پێشێل بكرێن، كوردستان تووشی كارەساتی گەورە دەبێتەوە. شەڕی ناوخۆ قۆناغێكی مەترسیدار بوو و نەهێشتنی ئاسەواری شەڕی ناوخۆ و دروستكردنی متمانە و پێكەوەیی پێویستی بە هەندێ بنەما هەبوو كە بەڕێزیان و جەنابی مام جەلال زۆر چاك دركیان پێكرد و دایانڕێشت. یەكێك لە بنەماكان تەوافوق بوو. ئەوەی دیكە كە تەواوكاری تەوافوقە، پشتكردنە لەو نەفەسە مێژوویییە كاولكارەیە كە دەیەوێ ڕكابەر لەناو بەرێت. بنەمایەكی تر كاركردنی هاوبەشی لایەنەكانە بۆ بەهێزتركردنی وڵات و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی. هەروەها كاركردن بۆ بەهێزكردنی كولتووری سیاسی و دیموكراسی كە دوورە لە ناوچەگەرێتی و شارچێتی و یەكترشكاندن و كەمیندانان و گەلەكۆمە.
٢- كوردستان وڵاتی فرەییە و دەبێ هەموو لایەك بتوانن تەقەبولی فرەیی و ڕای جیاواز بكات. شەڕی بێمانای ڕاگەیاندن و فەرهەنگی جنێوفرۆشی و ڕەتكردنەوەی هەر دەنگێك كە نزیك بێت لە پارتی، ئەو وڵاتە بەرەو هەڵدێر دەبات. ئێستا بە سوودوەرگرتن لە میدیا، فەرهەنگێك داهێنراوە كە زۆر خێرا دەتوانێ كەسایەتییەكان بشكێنێ و سووكایەتییان پێ بكات.
فارووق ڕەفیق و عەلی قەرەداغی و ئەو نووسەرانەی داوای ماناوەی بارزانییان كردبوو نموونەی زۆر وازحن. لە شەو و ڕۆژێكدا كران بە شەیتان و سووكایەتی بە كەسایەتییان كرا. ئەم نەفەسە بە هیچ شێوەیەك مەنتقی لەپشت نییە و پێچەوانەی بڕوابوون بە ئازادییە.
3- بچووككردنەوەی هەموو كێشەكان لە كورسیی سەرۆكی هەرێمدا، ڕێگەیەكی ڕاست نییە بۆ بینینی كۆی گرفتەكان. ئەگەر بێت و بارزانی لە سەرۆكایەتی نەمێنێت یانیش دە ساڵی دیكە بمێنێت، ئەوا گرفتەكان هەر وەك خۆیان دەمێننەوە. پێویستە قووڵتر بڕوانینە دۆخی سیاسی و هۆكارەكانی ئەم قەیرانە قووڵە. دەبێ فێری ئەوە بین ئەگەر گرفتێكی یاسایی و سیاسی هاتە ئاراوە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكەین. دەبێ حزب و كەسایەتییەكان لەسەر ئەوە ساغ ببنەوە کە ئەم وڵاتە شوێنێكە بۆ ژیان و كار بۆ پێشكەوتن، یان گۆڕەپانێكە بۆ شەڕ و شكاندن و یەكتردەرپەڕاندن و ژیاندننەوەی حقدە مێژوویییەكان؟ بۆچی دەبێ وا بیر بكەینەوە كە دەبێ پارتی لە هەولێر دەرپەڕێنن؟ دەرپەڕاندنی سەدانهەزار پارتی لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان چۆن دەكرێت؟ ئایا ئەمە بیركردنەوە نییە لە جینۆسایدی سیاسی؟ ئایا ئەمە نەخشەدانان نییە بۆ گێڕانەوەی شەڕی ناوخۆ؟
٤- پەیامەكەی سەرۆك بە جۆرێك دیفاعكردن بوو لە خۆی وەك مرۆڤێك كە زۆر بێئینسافانە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو مامەڵەی لەگەڵ كراوە. پێچەوانەی هەموو عورفێكی باو لە جیهانی ئازاددا چركەساتێك لەم دەساڵە ئیعترافیان بە بوونی بارزانی وەك سەرۆك نەكردووە و، پابەندی بڕیارەكانی نەبوونە. چ لەو كاتەی لە پارلەمان هەڵبژێردرا و چ لەو كاتەی ڕاستەوخۆ خەڵك دەنگیان پێدا. بۆ شكاندنی بارزانی دەستیان بۆ هەموو شتێك برد هەتا كار گەییشتە سووكایەتی و ڕسكاندنی فەزایەكی وا، كە سلێمانی و گەرمیان بارزانی بە سەرۆك نەزانن. هۆكارەكەی چییە؟ ئایا ڕاستە ئەگەر بەڕێزێكی تر لە حزبێكی تر ببێتە سەرۆك ئیتر پارتییەكان ئەو بە سەرۆكی خۆیان نەزانن و بڕیارەكانیان جێبەجێ نەكەن؟ ئەگەر وایە ئەم وڵاتە چیی بەسەر دێت؟
٥- لە پەیامەكەی بارزانیدا ئەوە هاتبوو كە ئەگەر جارێك دەستبەرداری مافی خەڵك بوون و دەستوور بە نایاسایی گەڕایەوە بۆ پارلەمان، ئەوا ناكرێ جارێكی دیكە دەستبەرداری مافی خەڵك ببێ لە دەنگدان لەبەرانبەر نەفەسێك كە لە بنەڕەتدا مافی خەڵكی بەلاوە گرینگ نییە، بەڵكو پلان بۆ شتێكی دیكە دەكێشێت.
٦-  هۆكاری سەرەكیی 30ـی حوزەیران گەڕاندنەوەی دەستوور و یەكلایینەبوونەوەی ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بوو و، ئەو قەیرانەی ئێستایش هەیە هەر لەبەر ئەو هۆكارەیە. لایەنەكان دوو ساڵیان لە بەردەست بوو، بەڵام چارەیان نەكرد. چونكە نەیاندەویست چارەی بكەن و بە نیازی شتێكی دیكە بوون. هەر لە سەرەتای هاتنی گۆڕان بۆ ناو حكوومەت، پلانیان بۆ 23ـی حوزەیران و دەڕپەڕاندن بوو.
٧- ئێرە نابێتە وڵات ئەگەر تۆڵە و دەرپەڕاندن ببێتە هەوێنی كارەكان. دەبێ دەستوور و دامەزراوییبوون و یەكترقبووڵكردن و تەوافوق ببێتە بەها بۆ كاری سیاسی.
٨- حزبەكان مانای سازان ڕوون بكەنەوە، ئایا ئەم چەمكە تەنیا بۆ گەییشتنە بە پۆست و پلەیە، یان سازان لە هەموو وێستگەكانی كاری سیاسی كاری پێ بكرێت؟
9- لەنێو دێڕەكانی ئەم پەیامەدا ئەو گلەیییە دەبیندرا كە هێشتا هەندێ لایەن خۆیان لەگەڵ مەسەلەی سەربەخۆییش یەكلایی نەكردووەتەوە. بۆچی لەبەر خاتری ڕق لە شەخسێك یان ڕێبازێك، دژایەتیی سەربەخۆیی بكرێت؟ ئەوە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە و پڕۆسەیەكی حەتمییە و دەبێ بگاتە ئەنجام. ئایا ڕقی مێژوویی ئەوە دەهێنێت گەورەترین ئاواتی گەلی كوردستان كۆسپی بۆ دروست بكرێت؟
 

هەواڵی پەیوەندیدار