لیژنەکەی پەرلەمان: بارەگاكانی پەكەكە لە گوندەكانەوە نزیكن

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "سبەی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە بۆردوومانەكانی توركیا كۆ دەبێتەوە و، تێیدا راپۆرتی خۆمان لەبارەی لێكۆڵینەوەكانەوە ئامادە دەكەین و پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانی دەكەین".
(نازم هەركی) جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، بەKDP.info ـی راگەیاند، حەفتەی رابرد لیژنەكەیان بۆ سەر سێ تیم دابەش كران و سەردانی ئەو شوێنانەیان كرد كە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردوومان كران و، هەر سێ تیم زانیارییان لەبارەی ئەو بۆردوومان و زیانانەی بەو ناوچانە گەییشتوون، كۆ كردووەتەوە و بڕیاریشە سبەی لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەیان كۆ ببنەوە و راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن و پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بكەن".
(هەركی) گوتیشی: "كاتێك راپۆرتی خۆمان پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد، ئەوكات ئەگەر پێویست بكات ئەوان وادەیەك بۆ كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەبارەی ئەو راپۆرتەی ئامادەیان كردووە، دیاری دەكەن".
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و ناوخۆ ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە لە میانەی سەردانەكەمان كە سەردانی زاخۆ و ئامێدیمان كرد، بۆمان دەركەوت كە بارەگاكانی پەكەكە لە گوندەكانەوە نزیكن و لە كاتی بۆردووماندا خۆیان لەناو خەڵك حەشار دەدەن، بۆیە زیان بە گوندەكان دەگات و خەڵكی سڤیل دەبنە قوربانی".
ئەوەیشی خستە ڕوو: "لە راپۆرتەكەماندا ئاماژە بە تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان دەدەین كە لەلایەن پەكەكەوە تەقێندرایەوە، چونكە ئەوان بە ئاشكرا بەرپرسیارەتیی خۆیان لە تەقاندنەوەی راگەیاند، هەر بۆیەیش سەردانمان نەكرد".
بڵند ئیبراهیم




