٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆفیسۆرێکی ئەمەریکایی: دەستەڵاتە جیاوازەكان هەمووی بدەی بە دەزگای یاسادانان، پرۆسەی سیاسی دەوەستێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پڕۆفیسۆر (بینگهام پاوڵ) سەرۆكی كۆمەڵەی زانستە سیاسییەكانی ئەمەریكا، ئەگەرچی چاودێران و توێژەرانی زانستی هاوڕا نین كاتێك دەستەڵاتە جیاوازەكان هەمووی بدەی بە دەزگای یاسادانان، چونکە ئەوا بۆخۆی پەل دەكێشێت بۆ وەستانی پرۆسەی سیاسی، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەموو دەستەڵاتەكان بدەی بە یەكێك لە ئەكتەرەكان، ئەوا هەموو شتەكان بە ئارەزووی ئەوان دەڕوات.

لە دیدارێكی تایبەتدا کە لە دواژمارەی گۆڤاری گوڵاندا بڵاو بووەتەوە، پڕۆفیسۆر (بینگهام پاوڵ) سەرۆكی كۆمەڵەی زانستە سیاسییەكانی ئەمەریكا دەڵێ: هەندێك وڵات كە خاوەنی سیستمی پەرلەمانتارین و كێشەیان هەیە لەوەدا كە حكوومەتێكی زۆر كورتخایەنیان هەیە، بەڵام ئەمە هەڕەشە لە بوونی دیموكراسی ناكات. ئەو حكوومەتانەی كە زۆر دەمێننەوە، وەك فینلاند و دانیمارك كە وڵاتانی ئارامی دیموكراتین، زیاتر پشت دەبەستن بە ئاستی گەشەی ئابووری و پاڵپشتی هاونیشتمانیان و ئەو تەحەددییە دیاریكراوانەی كە ئەو سیستەمە سیاسییانە رووبەڕووی دەبنەوە.


هەروەها (بینگهام پاوڵ) گوتی: نائارامیی حكوومی وادەكات بۆ پارتەكان قورس بێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكەن كە لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بە خەڵكانی خۆیان داوە. واتە ئەو پێوەندییە دەپچڕێنێت و هاونیشتمانیانیش ناڕەحەت دەبن بەو نائارامییە حوكمڕانییە. بۆیە دەبێت زۆر بەئاگا بین لەبەر ئەوەی نائارامیی حكوومی، بە مانای تەواو بە بنبەستگەیشتن دێت، یاخود تەنیا بە مانای سەرلەنوێ گۆڕینی هەمان ئەو تەرتیبەی پارتەكانە بە جیاوازییەكی كەمی ڕێكخستنەوە، كە زۆرجار لە ئیتاڵیا بینراوە. لە حاڵەتی دووەمدا، مەرج نییە مەسەلەكە پێوەندی هەبێت بە گۆڕانێكی سیاسیی قورسەوە، هەرچەندە زۆرجار پێوەندی هەیە بە سیاسەت و دژوارییەكانی چارەسەری كێشەكان.

(پاوڵ) هاوکات جەخت دەکاتەوە: پێویستە زۆر بەئاگا بین لە قەیرانەكانی ناو سیستەمەكە و پێوەندی نێوان دژوارییەكانی پێكهێنانی حكوومەت، جا چ حكوومەتی تاك لایەنە، یان ئیئتلافی بێت، شتێك كە لە حاڵەتێكی لەو جۆرە ڕوو دەدات، ئەوەیە كە هەندێك لە پارتەكان حكوومەتێكی كەمینە پێكدەهێنن و دەگەڕێن بە شوێن هاوبەشێكی ئارامدا كە لە حكوومەتدا نەبێت، بۆ ئەوەی لە دەرەوە پشتگیرییان بكات، ئەمەش بە گشتی لە سۆشیال دیموكراتەكانی سوێد بینیومانە بۆ ساڵانێكی دوور و درێژ كە پشتیوانی كۆمۆنیستەكانیان لە دەرەوەی حكوومەت بە دەست هێناوە، حكوومەتەكەش نائارام نەبووە، هەرچەندە كەمینەش دروستی كردووە. بۆیە دەبێت زۆر وریا بین و جیاوازی بكەین لە نێوان ئەم دوو شتەدا، هەروەها حاڵەتی تریش هەیە كە حكوومەتی كەمینە پشتیوانی تاكەكەسان لە ناو پارتە جیاوازەكاندا بە دەست دەهێنێت لە بارەی چەندین مەسەلەی سیاسیی جیاوازەوە، وەك ئەوەی لە دانیمارك دەیبینین. بۆیە نەبوونی حكوومەتی زۆرینە بۆخۆی مانای ئەوە نییە كە قەیران دروست ببێت.

لە درێژەی دیدارەكەیدا (بینگهام) گوتی: چاودێران و توێژەرانی زانستی هاوڕا نین لەسەر ئەم جۆرە پرسیارە، لەبەر ئەوەی پرسیارێكی زۆر قورسە، بەتایبەت كاتێك دەسەڵاتە جیاوازەكان هەمووی بدەی بە دەزگای یاسادانان، ئەوا بۆخۆی پەل دەكێشێت بۆ وەستانی پرۆسەی سیاسی، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەموو دەسەڵاتەكان بدەی بە یەكێك لە ئەكتەرەكان، ئەوا هەموو شتەكان بە ئارەزووی ئەوان دەڕوات و بەرەنگاری ئۆپۆزسیۆن دەبنەوە كە بیەوێت چارەسەری كێشەكان بكات و لە بەرژەوەندیی تەنیا خۆیان ئیش دەكەن، بۆیە پێویستمان بە زۆر لە (نیلسۆن ماندێلا)ـكان دەبێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار