ئەمڕۆ مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەولێر دابەش دەكرێت

هەولێر-KDP.info- سەرەڕای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 5ـی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هات، كەچی تا ئێستا مووچەی كەسوكاری شەهیدان لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش نەكراوە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆرانیش دەڵێت، ئەمڕۆ مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دابەش دەكرێت.
(ئەشقی مەلا) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، بۆ KDP.info گوتی: "هەرچەندە وەزارەتی دارایی پێش هاتنی جەژنی ڕەمەزان ڕایگەیاندبوو كە مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكرێت، بەڵام بە هۆی ئامادەنەبوونی لیستی مووچە، هێشتا مووچەی ئەو كەسانە لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش نەكراوە".
گوتیشی: "كێشەكە ئەوە بوو پاش ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان گوازرایەوە بۆ ناو بینایەكی دیكە، نەتوانرا كار لەسەر لیستی مووچەی شەهیدان بكەن، پێویست بوو كەمێك دەرفەت بەو بەڕێوەبەرایەتییە بدرێت تا كارەكانیان تەواو بكەن، ئێستایش كارەكان تەواو بوون و ئەمڕۆ لە تەواوی بانكەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دەست بە دابەشكردنی مووچەی شەهید و ئەنفالكراوەكان كراوە".
رابین شێروانی




