پارتی و كۆمەڵ هاوڕان پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم بە سازان یەكلا بكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- (ئەحمەد كانی) بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانی و عێراقییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ (سەلیم كۆیی) ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی و بەرپرسی دەستگای پەیوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامیدا، جەختیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان كردەوە لە پێناو خزمەتگەیاندن بە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا.
(ئەحمەد كانی) بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانی و عێراقییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە هەولێر پێشوازیی لە (سەلیم كۆیی) ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی و بەرپرسی دەستگای پەیوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دانیشتنێكدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كرا و، جەختیش لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان كرایەوە لە پێناو خزمەتگەیاندن بە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دا.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان قسەی لەسەر كرا و بیروڕا لەو بارەیەوە ئاڵوگۆڕ كرا، بە تایبەت پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم كە ئێستا بابەتی گفتوگۆكانی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانی كوردستانە.
هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون كە پێویستە ئەو پرسە بە سازان یەكلا بكرێتەوە و سازانیش بنەمای یەكلایكردنەوەی هەمو پرسەكان بێت لە هەرێمی كوردستان، بە تایبەت كە كوردستان بە كۆمەڵێك قەیرانی نەخوازراودا تێپەڕ دەبێت.
لە كۆتاییدا هەردوولا بە پێویستیان زانی كە ئەو دیدارانە درێژەیان هەبێت بە مەبەستی لەیەكترتێگەییشتن و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكانیان.




