ئەمڕۆ لەسەر ئاستی باڵادا یادی جینۆسایدی بارزانییەكان دەكرێتەوە

بارزان-KDP.info- سەعات 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، لەسەر گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەكان، لە مەراسیمێكی فراواندا یادی 32 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەكان دەكرێتەوە.
(رێبوار رەمەزان) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان بۆ KDP.info دەڵێت، ئەمڕۆ سەعات 5ـی ئێوارە لەسەر گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەكان، لە مەراسیمێكی فراواندا لە بارزان یادی 32 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەكان دەكرێتەوە.
گوتیشی، بۆ بەشداریكردن لەو مەراسیمەدا هەر سێ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و كۆنسووڵخانەكان و وەزیر و پەرلەماننتاران بانگهێشت كراون و، بە شێوەیەكی فراوان ئەو مەراسیمە ساز دەكرێت، كە تێیدا وتار پێشكەش دەكرێت و، پێشانگە، وێنە، بەڵگەنامە و دۆكیومێنتەكانی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان پێشان دەدرێت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفاڵكراوەكانی بارزان، زیاتر دەڵێ، بڕیار بوو رۆژی 2ـی ئەم مانگە لە بارزان یادی جینۆسایدكردنی 8 هەزار بارزانی بكرێتەوە، بەڵام بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە یادەكە بۆ ئەمڕۆ دوا خرا و ئێستایش ڕێوڕەسمەكە بە هەمان رێكارەكانی پێشوو بەڕێوە دەچێت.
رابین شێروانی




