مەحموود عوسمان: ئهگهر لایەنەكان ناسازێن، با میللهت به ڕیفراندۆم بڕیار بدات

هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەداری كورد (مەحموود عوسمان) دەڵێ، لایەنە سیاسییەكان بە سازان هەرچۆنێك بێت دەكرێ ڕێك بكەون، بەڵام بەدەر لە سازان، هیچ شێوازێكی دیكه سوودی نییە و ئاكامی خراپیشی دەبێت. ئەگەریش ناسازێن با لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە میللەت بڕیار بدات.
(مەحموود عوسمان) سیاسەتمەداری كورد به ماڵپهڕی فهرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم، بە سازان هەرچۆنێك بێت دەكرێ ڕێك بكەون، بەڵام بەدەر لە ڕێككەوتن و سازان هیچ شێوازێكی تر سوودی نییە و ئەنجامی خراپیشی دەبێت، چۆن 20 ساڵە بە تەوافوق دانیشتوون و كێشەكانیان چارە كردووە، ئەم پرسەیش دەبێ هەروا بێ و هیچ لایەنێك ناتوانێت خۆی بسەپێنێت، كەوایە دەبێ حزبەكان لەنێوان خۆیاندا تەفاهوم بكەن و هەموو ڕێك بكەون."
ئەم سیاسەتمەدارە ڕونیشی كردەوە كە "ئەم حزبانە هەر دەبێ ڕێك بكەون ئەگینا هەموو لایەك زەرەر دەكەن، چونكە ئەگەر لایەنێك بە 50 كۆ یەكی پەرلەمان ئەم پرسەی بە زۆرینە پەسەند كرد ئەوا نیوەكەی تر دژی دەبێ؛ ئەمەش ئاكامهكهی خراپ دەبێت و ئەوكات بە دەستی خۆمان خەڵكەكەمان دەكەینە دوو بەشهوه، كە ئەمەش كێشە و كاردانەوەی خراپی لێ دروست دەبێت."
دكتۆر (مەحموود عوسمان) گوتیشی: "منیش هاوڕای ئەم پێشمەرگانەم كە بەبێ جیاوازیی حزبایەتی داوای پێكهاتن و ڕێكەوتن دەكەن و، گەلیش هەر هەمان داوای هەیە. دەكرێ ڕێك بكەوین تا دەستوور دەنووسرێت و ئەوكات دەستوور چی گوت جێبەجێی بكەین. ئێمە لە كوردستان شەڕی داعش و ئاوارەیەكی یەكجار زۆرمان هەیە و لەملایشەوە قەیرانی دارایی و چەندین كێشەی ترمان هەن، بۆیە نابێ كێشەی تریش بۆخۆمان دروست بكەین و دەبێ حزبەكان ڕێك بكەون. ئەگەریش نەیانتوانی ڕێك بكەون با ئەم پرسە بە دەنگدان یەكلایی بكەنەوە و میللەت قەرار بدات لە ڕێگای ڕیفراندۆم، خۆ میللەت دەستەڵاتی هەرەگەورەیە و با قەرار بدات."
سەرباز واحید




