ئێمینكی: شایەتی دهدهم كه گۆڕان پرۆسهكهی به حزبی كرد

ههولێر -KDP.info- سهبارهت بهسازان و پرسی سهرۆكایهتیی ههرێم، جێگری سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان له ڕاگهیێندراوێكدا دهڵێ" شایەتی دەدەم کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان زوو دەستی کرد بە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە، بەڵام بەدەستێوەردانی دەرەکیی لایەنێکی سیاسی کە بزووتنەوەی گۆڕانە هەموو پرۆسەکە بە ئاراستەیەکی حزبیانەدا برا و لە پرۆسەی چاکسازیەوە بەرەو تەحەدای پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسی برا، کە ئەویش پارتیی دیموکراتی کوردستانە، تا هەوڵەکان گەیشتە ئەو ڕادەیەی بەرەیەکی سیاسی دژ بە یەک دروست بکرێ".
دهقی ڕاگەیێنراوهكهی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان:
بۆ ڕای گشتیی کوردستانی
ئەمڕۆ 9/8/2015 جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پرۆژەی هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ئیمزای شەش ئەندام لە کۆی یازدە ئەندام پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان کردووە، کە لە بنەڕەتدا ئەو ڕاپۆرتە لەلایەن سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ڕەت کراوەتەوە و بە نایاسایی لەقەڵەم دراوە.
ئەگەر بە چاوێکی لۆژیکیانە لە رەوتی ڕووداوەکان بڕوانین دەبینین سەرەتا شێوازی پێشکەشکردنی پرۆژەی ئاماژە پێکراو لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و خستنە ڕووی لەدانیشتنی 23ی حوزەیرانی ڕابردوو کە مشتومڕی زۆری لەسەر هەیەو تێپەراندنی بەزۆرینەی شلۆق بۆ ئەوەی ئەو ڕاپۆرتەی لەسەر ئامادە بکرێ خۆی لە خۆیدا مایەی هەڵوەستەکردنە و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی ئاسایی یاخود نائاسایی پەرلەمان دەچێتە خانەی دوورکەوتنەوە لە سازانی نیشتمانی و پێشێلکردنی ئەو بنەمایەی کە ئەم خولەی پەرلەمان و کابینەی هەشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لێ هاتە کایە و، وا بڕوات ڕەوشەکە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبات چونکە هەموو ئەو هەنگاوانە تەنها و تەنها دوورکەوتنەوەیە لە سازان و پەنابردنە بەر زۆرینەیەکی شلۆق و فەرامۆشکردنی دەنگی سەدانهەزار هاووڵاتی کوردستان و هەر ئەمەشە بووەتە هۆی ئەوەی پرۆسەی سازان تا ڕادەیەک لە نێوان لایەنە سیاسیەکان ئاڵۆز بێت و پەرلەمانی کوردستانیش لەبری ئەوەی وەک هەمیشە بەشێک بێت لە چارەسەری و سەقامگیریی سیاسی ئێستا نەک هەر بەشێکە لە قەیرانەکان بەڵکو ئاڵۆزتریشی کردووە؛ بە داخەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ماوەیەکە ئەدای کاری یاسایی خۆی ناکات و تەجاوزی کار و دەسەڵات و تایبەتکارەکانی خۆی کردووە و بەدەر لە بەرپرسیارێتی یاسایی و پەرلەمانی بە شێوازی جۆراوجۆر شوێنی لیژنەی یاسایی گرتووەتەوە و بە زەقی ماددەی 11 و بڕگەی 1 و 11ی مادەی 17 و بڕگەی 3 ی ماددەی 18 و بڕگەی 5 ی ماددەی 39 ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی 10ی مادەی 56 لە یاسا ژمارە 1ـەکە هەموارکراوەکەی ساڵی 1992ی پێشێل کردووە.
بە داخەوە ئێستا پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت وەڵامێکی دڵنیایی بە خانەوادە و کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان بداتەوە کە ئێستا لە بەرەکانی جەنگی دژ بە داعشن هەر لە شنگالەوە تا خانەقین و ناتوانێت نیگەرانییەکانی خەڵکی کوردستان کەم بکاتەوە کە لەبەردەم تەلاری پەرلەمان لێدوانی توند و تیژ دەدرێت و تەواوی خەڵکی کوردستان توشی نائومێدی بوونە و پرۆسەی سیاسی بەو کارە نەبەرپرسانەیە گەیشتووەتە لێواری هەرەسهێنان و پەککەوتن.
شایەتی دەدەم کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان زوو دەستی کرد بە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە بەڵام بە دەستێوەردانی دەرەکی لایەنێکی سیاسی کە بزووتنەوەی گۆڕانە هەموو پرۆسەکە بە ئاراستەیەکی حزبیانە برا و لە پرۆسەی چاکسازیەوە بەرەو تەحەدای پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسی برا کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە، تا هەوڵەکان گەیشتە ئەو ڕادەیەی بەرەیەکی سیاسی دژ بە یەک دروست بکرێ.
بۆیە خەڵکی کوردستان بە گشتی و خانەوادەی شەهیدە قارەمانەکان دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو هەوڵەکان چڕتر دەکەین بۆ گەیشتن بە سازانی نیشتمانی و یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە بە سازان
د. جهعفهر ئیبراهیم ئێمینکی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
9/8/2015




