٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی: له‌ یاسا لایانداوه‌.. من ئاماده‌م و ناشێ كه‌سێكی دی له‌ بری من واژۆ له‌سه‌ر ڕاپۆرت بكا

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر -KDP.info-  سەرۆکی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی کوردستان دەڵێ: چونکە سەرۆکی لیژنەی یاسا لە پەرلەمان ئامادە بووە و پێویستە سەرۆکی لیژنە ئیمزا لەسەر هه‌ر ڕاپۆرتێك بكات به‌ ڕاپۆرته‌ ئامادەکراوه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌یش، بۆیه‌ بەرزرکردنەوەی ڕاپۆرتەکە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆ بووە، بۆ ھیچ کەسێکی دیکە نییە له‌ بری سه‌رۆكی لیژنه‌ ئیمزای بكات.
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی کوردستان (ڤالا فەرید) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ''بانگھێشتکردنی ئەندامانی لیژنەی یاسا بۆ کۆبوونەوە لەبارەی ئامادەکردنی ڕاپۆرت بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانه‌وه‌، پێچەوانەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانە؛ برگەی پێنج لە ماددەی ٣٩ و دواتر ئامادەکردن و نووسینی ڕاپۆرت و بەرزکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەمەش ھەر پێچەوانەی پەیرەوی ناوخۆ بووە، چونکە پێویستە ئەو یاسایە بە ئیمزای سەرۆکی لیژنە بەرز بکرێتەوە، بەڵام لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمان بە واژووی ئەندامێکی دیکە بەرز کراوەتەوە کە نازانرێت کێیە، لەکاتێکدا سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە و لە دەرەوەی پەرلەمان نییە، تا ئه‌م كاره‌ بێ ئه‌و ئه‌نجام بدرێت.''

(ڤالا فەرید) گوتیشی، ''ھەموو ھەنگاوەکان پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە و، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا بووین ئەو پرسە بە سازان یەکلایی بکرێتەوە، چونکە چەنده‌ ڕەھەندی یاسایی ھەیه‌ دوو ئەوه‌ندە ڕەھەندی سیاسیی ھەیە؛ ئێمە كه‌ بەشداریمان نەکردووە، بۆ ئەوەیه‌ ئەو پرسە نەبێتە تەنگەژە و هۆیێك بۆ ناته‌بایی نێوان لایه‌نه‌كان لە ھەرێمی کوردستاندا، هه‌ڵبه‌ت هێشتا چاوەڕێی سازانین تا ھەموو لایەنەکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم بگەنە ڕێککەوتن.''

ئه‌مڕۆ یەکشەممە ٩/٨/٢٠١٥ لیژنەی یاساییی پەرلەمان، ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پڕۆژەیاساکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرد و، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیش كه‌مێك پێش ئێستا ڕایگه‌یاند كه‌ "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت کات بۆ دانیشتن و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پڕۆژانە دەستنیشان بکرێت، جا چ دانیشتنی ئاسایی بێت یان نائاسایی.''

بەڵام سه‌رۆكی په‌رله‌مان هاوكات ده‌ڵێ، ''بە پێویستی دەزانین دەرفەتێکی تر واڵا بکەین بۆ ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار