135 ڕێكخراوی كۆمهڵی مهدهنی پڕۆژهیهك دهدهنه لایهنهكان..نابێ هیچ لایهنێكی سیاسی پهراوێز بخرێت

ههولێر -KDP.info- ئەمڕۆ شەممە ٨/٨/٢٠١٥ لە یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان لێژنەی نوێنەرایەتیی ١٣٥ ڕێکخراوی مەدەنی پاش سەردانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی سەرجەم سەردانەکان و ئامادەکردنی ئەو پرۆژە کرا، کە پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکان دەکرێت،بە مەبەستی چارەکردنی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا 135 ڕیكخراوی كۆمهڵگهی مهدهنی باسیان لە کار و سەردانەکانیان کرا کە لە ماوەی ڕابردوو کردوویانە و تێدا ئەوەیان خستە ڕوو، لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناغە و ئەمەکی بۆ ڕاسپاردەکانی شەھیدان و سەرکردە مێژووییەکان، بە ھۆی ئەو بارودۆخەی ماوەی یەک ساڵە گەلەکەمانی پێداتێپەر دەبێت، لە بەر ئەوەی لەم کاتەدا ناتوانرێت ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بە نوێنەرایەتی (١٣٥)ڕێکخراوی مەدەنی بە ھاوکاری یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان بە مەبەستی دۆزینەوەی پانتایی ھاوبەش بۆ دەرچوون لەم قەیرانەی ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە، لە (٥/٧/٢٠١٥) دەستمان کرد بە سەردانی ئەو لایەنانەی کورسی پەرلەمانیان ھەیە.
ئەوەش خرایە ڕوو، بۆیە ئەگەر لایەنە سیاسییەکان خوانەخواستە نەگەنەڕێکەوتن ئەوە دەبێتە قەیرانێکی تر کە ھۆشداری دەدەین لە باسکردنی دوو ئیداریی، کە ئەمەش دەبێتە ڕێخۆشکەر کە بۆ پلانی دەرەکی بۆ زیانگەیاندن بە چارەنوسی ھەرێمی کوردستان و ئامانجە گەورەکە کە (دەوڵەتی کوردستانە).
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا باس لەوەش کرا، یەکەم ھەستاین بە تۆمارکردنی سەرنج و تێبینی ھەموو لایەک وەک قۆناغی یەکەم، بۆیە پیویستە یاسا کارپێکراوەکان ھەموار بکرێن بە سازان لە نێوان لایەنە سیاسیەکان لە پەرلەمانی کوردستان.
قۆناغی دووەم: تەواوی خاڵە ھاوبەش و جیاوازیەکانمان پۆلین کرد و خستمانە بەردەست (١٠) شارەزا لە بواری یاسایی و سیاسی، دوایی پوخت کرا و درا بە لێژنەیەکی (٤) کەسی یاسایی و سیاسی.
دەستنیشانکردنی کێشەکان: کۆی کێشەکان کۆ دەبیتەوە لە (٣ ) خاڵ
١. مانەوه و نەمانەوەی بەڕێز (کاک مهسعوود بارزانی) بە پێی یاسا.
٢. ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە یان لە ناو خەڵکەوە.
٣. دەستەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم.
ڕای سێیەم
میکانیزمی چارە بە سێ قۆناغە
یەکەم/ ڕاستەوخۆ خواست و گەلالەو سەرنجەکاین ھەموو حیزبەکان کۆکرایەوە
دووم/ خستمانە بەردەست لێژنەیەکی ١٠ شارەزا و پوختیان کردەوە.
سێیەم/ بۆردێکی تایبەت لەرووی یاسایی و سیاسی پێک ھێنرا لە بەرێزان (١- دادوەر ڕزگار محەمەدئەمین ٢- نعمەت عەبدوڵا ٣- مهسعوود عبدولخالق ٤- دکتۆر عەبدوڵا ئاگرین) ئەو بۆردە لەڕۆژی (٣/٨/٢٠١٥) دەستبەکار بوو یەکەم کۆبونەوە کرا بۆ ھەلسەنگاندنی یاسایی و سیاسی قەیرانەکە، لە ڕۆژی (٤/٨/٢٠١٥) جارەسەرەکە بەم شێوەی خوارەوە دیاری کرا:
پوختەی قەیرانەکە: دوو یاسای ژمارە (١) سالی ٢٠٠٥ سەرۆکایەتی ھەرێم و یاسایی ژمارە (١٩) سالی (٢٠١٣) یاسای درێژکردنەوەی ولایەتی سەرۆکی ھەرێم کە بە پێی ئەم دوو یاسایە ماوەی سەرۆکایەتی ھەرێم کۆتایی دێت لە (٢٠/٨/٢٠١٥)، پارتی دیموکراتی کوردستان داوای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی دەکات دەڵێن ماوەکە کۆتایی ھاتووە، بەڵام داوای سازان دەکەین، چوار لایەنەکەی تر لە بەرامبەر داوای ئەم خالانە دەکەن:
١. کە سیستەم پەرلەمانی بێت و سەرۆک لە پەرلەمان ھەڵبژێرێت و دەسەڵاتەکان پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
٢. سەرۆکی ھەرێم لە ماوەی سەرۆکایەتی خۆی دووربکەوێتەوە لە پۆستی حزبی.
بۆیە ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پرۆژەی خۆمان پێشکەش بە لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ ئەوەی بە شێوەیەک بگەنە چارەکە دەبێت ھەموو لایەنەکان لە خاڵێکی خۆیان خۆش بن بۆ ئەوەی سازان بکرێت، ئێمە لەگەڵ پەراوێزخستنی ھیچ لایەنێکی سیاسی نین، چونکە باش دەزانین ھیچ لایەنەێک ناتوانێ بە تەنیا بەرژەوەندیی باڵای ھەرێمی کوردستان بپارێزی.
بڵند ئیبراھیم




