پەرلەمانتارێک: رەخنەگرتن لە پرۆسەی نەوت بۆ موزایەدەی سیاسییە

ھەولێر-KDP.info- ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ھەندێک لایەن لە ھەرێمی کوردستان چاویان بە سەرکەوتنی پرۆسەی نەوت ھەڵنایەت، بۆیە بە شێوەیەکی ناشیرن ئەو پرۆسەیە پێشانی خەڵک دەدەن و بەردەوام رەخنەی لێ دەگرن، بەڵام پێویستە ئەوەیان لەبیر بێت کە تاکە کارتە ھەرێم توانیویەتی خۆی پێ بەرامبەر بەغدا رابگرێت، ئەگینا رەوشەکە ئاڵۆزتر دەبوو.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (بەیار دۆسکی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵماندا ھاوکار بووە کە ھەرچیی زانیاری و داتا لەبارەی نەوتەوە بدات بە لیژنەکەمان لە پەرلەمان و، بە بەردەوامیش داتا رەوانەی پەرلەمان کراوە؛ ھەر قەیرانێکی سووتەمەنیش لە ھەرێمی کوردستان روویدابێت بە شێوەیەکی شەفاف و دروست ھۆکارەکەی بۆ ئێمە ڕوون کردووەتەوە."
(بەیار دۆسکی) گوتیشی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکار بووە بۆ دەرچوواندنی ئەو یاسایانە کە دەبنە ھۆی ئەوەی پرۆسەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بە دامەزراوەیی بکرێت، لەوانە یاسای سندووقی داھاتی نەوت و یاسای کۆمپانیای کوردستان بۆ دۆزینەوەی نەوت و، چەند یاسایەک ماونەتەوە کە ئەوانیش پەسەند دەکرێن، ئەوکات ھیچ لایەنێک بیانووی ڕەخنەگرتنی نامینێت، چونکە ئێستا حکوومەت لەگەڵ پەرلەمان لە پیوەندیدایە بۆ دەرچوواندنی یاساکانی دیکەش.
ئەو پەرلەمانتارە باوەڕی وایە، ئەوانەی رەخنە لە پرۆسەی نەوت دەگرن و بە شێوەیەکی دیکە پێشانی خەڵکی دەدەن، بۆ موزایەدەی سیاسییە و، ئەوان چاویان بەو پرۆسەیە ھەڵنایەت چونکە پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بووە، بەڵام وەک ئەو دەڵێت ئەوە قەیرانی دارایییە وایکردووە سەرکەوتوویی پرۆسەکە خۆی فەرز نەکات.
(دۆسکی) ڕوونیشی کردەوە، نەوت تاکە سەرچاوەی ھەرێم بووە کە لە ڕێیەوە توانای خۆڕاگریی هەرێمی بەرامبەر بە ناحەقییەکانی بەغدا بەرجەستە کردووە، ئەگینا رەوشەکە ئاڵۆزتر دەبوو.
بڵند ئیبراھیم




