٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی لە پەرلەمان روویدا بنەمای تەوافوقی تێكدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکی هاوبەشی ژمارەیەک میدیای کوردستانی، باسی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، پرسی سەرۆکایەتیی و پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارچەكانی دیكەی كوردستان دەکات.


"لەڕوانگەی (مەسعوود بارزانی)یەوە سەیری پرسی سەرۆکایەتی ناکەین"

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی بەشدار لە دیدارەكەدا، (نێچیرڤان بارزانی) لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی "ئێمە لە ڕوانگەی (مەسعوود بارزانی)یەوە سەیری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناکەین، بەڵکو لە ڕوانگەی پێویستیی کوردستان سەیری بارودۆخەکە دەکەین.''

لە وەڵامی ئەوەشدا كە چارە چییە؟ (نێچیرڤان بارزانی) گوتی "دەبێت لایەنەكان دابنشین و بە رەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن".

"ئەوەی لە پەرلەمان روویدا بنەمای تەوافوقی تێكدا"

 

هەروەها لەبارەی پێشكەشكردنی پڕۆژەیاساكان لەلایەن (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوو) بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و خوێندنەوە بۆ كردنی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، (نێچیرڤانان بارزانی) رایگەیاند "ئەوەی لە 23ی حوزەیران روویدا بنەمای تەوافووقی لەم وڵاتە تێکدا".

سەبارەت بە تەوافوقی سیاسی نێو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای 23ی حوزەیرانەوە كە پارتی و چەند لایەنێك بایكۆتی دانیشتنەكەی پەرلەمانیان كرد، سەرۆكی حكوومەت دەڵێت:" ئەو بنەمایەی ئێمە حکوومەتمان لەسەر داناوە وەک جاران نەماوە، ئێمە کە حکوومەتمان پێک هێنا بڕیارمان دا هاوبەش بین، بەڵام لە 23ی حوزەیران ئەو بنەمایە نەما".


"گەورەترین یارمەتی ئابووری رۆژئاوای کوردستان دەدەین"

لەبارەی پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان، سەرۆكی حكوومەت دەڵێت:" ئێمە گەورەترین یارمەتیی ئابووریی رۆژئاوای کوردستان دەدەین"  هەروەها دەشڵێت "راستە ئێمە لە هەندێک شت خیلافمان هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە پەیوەندیمان لەگەڵ پارچەکانی دیکە و لایەنەكان خراپبێت".

نموونەش بە رۆڵی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان دێنێتەوە لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چارەسه‌ری لە باكووری كوردستان و توركیا و دەڵێت "ئەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بردە پێشەوە، بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت و کورد بە مافەکانی بگات".

هەواڵی پەیوەندیدار