نێچیرڤان بارزانی: بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ئامادەین هاوكاریی پەكەكە و توركیا بكەین

ههولێر-KDP.info- (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی كردەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ئامادەیە ڕۆڵی خۆی بۆ بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی بگێڕێت و هەموو ئامادەییەكی بۆ پێشكەشكردنی هەر هاوكارییەك لەپێناو دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئاشتی لە نێوان هەردوولادا، نیشان دا.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/8/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی هەدەپە بە سەرۆكایەتیی (ئۆسمان بایدەمیر) و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی هەدەپە لە هەرێمی كوردستان و توركیا كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان سەرەتا سەرەخۆشیی خۆیان پێشكەش بە سەرۆكی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی سڤیل لە ئەنجامی بۆمبابارانی هەفتەی ڕابردووی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر گوندی زارگەڵی و، ئامانجی سەردانەكەشیان هەر بۆ لێكۆڵینەوەیە لەو بۆردوومانە.
هەروەها تیشكیان خستە سەر بارودۆخی ئێستای كورد بە گشتی لە ناوچەكە و جەختیان لەوە كردەوە كە، ڕەوشی گەلی كوردستان لە هەموو بەشەكانی كوردستان لە دۆخێكی ناسكدایە و پێویستە هەموو لایەك هاوكار و تەبا بن و یەكڕیزیی خۆیان بەرامبەر بەو مەترسیانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی گەلی كوردستان بوونەتەوە، بپارێزن.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە دۆخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و ئەو ئاڵۆزیانەی لە نێوان پارتیی كرێكارانی كوردستان پەكەكە و دەوڵەتی توركیادا هاتووهتە ئاراوە كرا و، جەخت كرایەوە، كە كێشەكان بە شەڕ و شێوازی سەربازی چارە نابن و تەنها ئاشتی دەتوانێت كێشەكان چارە بكات. لەمبارەیەوە (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ئامادەیە ڕۆڵی خۆی بۆ بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی بگێڕێت و هەموو ئامادەییەكی بۆ پێشكەشكردنی هەر هاوكارییەك لەپێناو دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئاشتی لە نێوان هەردوولادا، نیشان دا.
سەرۆكوەزیران هاوكات دەربارەی كەوتنەوەی قوربانی لەنێو خەڵكی سڤیلدا لە ئەنجامی ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی نێوان پەكەكە و توركیا، دووپاتی كردەوە، كە دەبێت گەریلاكانی پەكەكە خۆیان لە ئاوەدانی و خەڵكی سڤیل دوور بخەنەوە و ناشبێت توركیا بەهۆی پەكەكەوە خەڵكی سڤیل بۆردوومان بكات. هەروەها باسی لەوە كرد كە دوای ڕووداوەكانی ئەم دواییە، ژمارەیێكی زۆری خەڵكی سڤیل لە ترسی بۆمبباران هەڵاتوون و دێهات و ناوچەكانیان لە دەڤەرە سنوورییەكان جێهێشتووە.
سەرۆكوەزیرانی ههرێمی كوردستان جارێكی دیكە داكۆكیی لەوە كردەوە كە ئەم كێشەیە بە شەڕ چارە نابێت و داوای كرد، هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بە شێوەیەكی ئاشتیانە كێشەكە چارەسەر بكەن.




