٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ته‌واوبوونی چوار پرۆژه‌، كه‌رتی گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێم دەبووژێنێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر -KDP.info- "حكوومه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نی ئابووریی كوردستان بڕیاریان داوە چوار پرۆژه‌ی شاری گه‌شتیاری له ‌هه‌رێم جێبەجێ بکەن؛ شاری گەشتیاریی بەنداوی دووكان و پرۆژەی گەشتیاریی سەر چیای سەفین و شاری گەشتیاری بەنداوی دهۆك و پرۆژەی گەشتیاریی سەر چیای زاڤا لە دهۆك. ئەم پرۆژانە هەموو بوارەكانی گەشتیاری لەخۆ دەگرێت و، کە تەواو ببن کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەبووژێتەوە." ئەوە قسەی گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزارە.

گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان (نادر ڕۆستی)،  وای بە ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندووه‌، "لە ساڵی 2007ـەوە گەشتیار ڕوویان کردووەتە هەرێمی كوردستان و ئەو ساڵە، 370,000 گەشتیار هاتنە هەرێمی كوردستان؛ ساڵانە سەدا30 ڕێژەی هاتنی گەشتیاران زیادی دەكرد. چونكە زۆربەی بوارەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی خێرا گەشەیان دەكرد، کە بووە هۆی بەردەوامی زیادكردنی ڕێژەی هاتنی گەشتیاران. لە ساڵی 2013، پێش دەستپێكردنی قەیرانی دارایی، ژمارەی گەشتیاران گەیشتە نزیكەی سێ ملیون گەشتیار."


وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزاری
سەبارەت بە وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان، نادر ڕۆستی وتی، "وەبەرهێنانی بیانی و خۆماڵی لە كەرتی گەشتوگوزاردا ساڵانە بەرێژەی لە سەدا 15 هەتا 20 زیادی كردووە؛ ساڵی 2012 و 2013 گەیشتە سەدا25. جگە لەوەش دەستەی گەشتوگوزار توانیی بەهۆی سەقامگیری و ئارامی ڕەوشی هەرێمی كوردستان و پێشكەوتنەكان وگەشەكردنی هەموو بوارەكان لە هەرێم سەرنجی كۆمەڵێك ماركەی جیهانی ڕابكێشێت كە بێنە كوردستان وەبەرهێنان بكەن. ژمارەی ماركەی جیهانی لە بواری هوتێڵداریدا لە ساڵی 2013 گەیشتە 15 ماركە و بەشێكیان جێبەجێكراون و بەشێكیانیش لەقوناغی مامەڵەكردندان."
هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە پێش ساڵی 2012 كەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان لە بواری وەبەرهێنان لە پلەی چوارەمدا بوو، بەڵام بەهۆی كۆمەڵێك كار و چالاكی وەكو بەشداریكردنی دەستە لە ژمارەیەك پیشانگای نێودەوڵەتی لە شارەكانی ئەستەنبۆڵ و بەرلین و دوبەی و ئەنجامدانی چەند پرۆژە و كۆر و سمینار و كۆنفرانس لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كەرتی گەشتوگوزاری وچونیەتی ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەم كەرتەدا لە هەرێم، چاپكردنی بڵاوكراوەی تایبەت بە شوێنی گەشتیاری و نەخشە ودەلیل بە چەندین زمان، ئەمانە هەموو بوونە هۆی ئەوەی کە كەرتی گەشتوگوزار بچێتە پلەی سێ وپاشان لە ساڵی 2013 بوو بە دووەم بوار لە بوارەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و لەسەرەتای ساڵی 2014 كەرتی گەشتوگوزار بوو بە پلەی یەكەم لە بواری وەبەرهێنان. بەڵام ئەگەر سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستانی داعش دروست نەبوایە، كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان لەبواری وەبەرهێناندا هەر لە پلەی یەكەمدا دەماوە."


گەشتیاران و سەیرانگەكان
هەروەها سەبارەت بە جۆری گەشتیاران بەتایبەتی لە ساڵی 2013 كە نزیكەی سێ ملیون گەشتیار بووە و ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، نادر ڕۆستی گوتی "60 تا 70 لەسەدی ئەم گەشتیارانە گەشتیاری عێراقی بوون لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەبەردەوامی ڕوویان لە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە. سەدا دە تا پازدەی گەشتیاری ناوخۆیی بووە و سەدا 12 تا 20یش گەشتیاری بیانی بوونە و، لە ئێران و توركیا و ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپاوە هاتوون. ئێران بە پلەی یەكەم بووە، ئینجا لە توركیا و ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و كەنداوەوە هاتوون.
سەبارەت بە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان كە زیاتر ناسراون نادر ڕۆستی ڕایگەیاند: "قەڵای هەولێر كە لە لیستی ڕێكخراوی یۆنسكۆدایە و ئەشكەوتی شانەدەر كە دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە پێش شەستهەزار ساڵ مرۆڤی نیاندرتاڵی تیا ژیاوە و پەرستگای لالش کە تاكە پەرستگای ئایینی ئێزدی لە هەموو جیهان كە لە قەزای شێخانە و هەر وەكو چون مەككە و ڤاتیكان تاكە شوێنی ئایینی ئیسلام و مەسیحین لە جیهاندا، لالشیش تاكە شوێنی ئایینی ئێزدییە لە جیهان كە ساڵانە گەشتیاری ئێزدی و بیانی لە هەموو جیهان سەردانی لالش دەكەن. هەروەها دەیان شوێنی تریش کە دەکرێ ڕێکلامیان بۆ بکرێت وزیاتر بە گەشتیاران بیانناسێنین."


داهاتی كەرتی گەشتوگوزار
سەبارەت بە داهاتی كەرتی گەشتوگوزار پێش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و هاتنی داعش، نادر ڕۆستی گوتی "لەساڵی 2013 دا كە نزیكەی سێ ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، داهاتی ئەم ساڵە زیاتربوو لە 650ملیۆن دۆلار. بەڵام سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەهەرێم كاریگەری زۆری كردە سەر كەرتی گەشتوگوزاری وزۆربەی پرۆژەكانی ئەم كەرتە ڕاوەستان وهاتنی داعشیش فاكتەرێكی تربوو كە كاریگەری بكاتە سەر ئەم كەرتە کە بووە هۆی نەهاتنی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران بۆ هەرێم بەتایبەتی گەشتیارانی ناوچەكانی تری عێراق چونكە شەڕ تێدا پەرپابوو وەكو پارێزگەكانی مووسڵ و ئەنبار و تكریت و دیالە. زۆربەی خەڵكی ئەم پارێزگانە ئاوارە بوون و ڕێژەیەکی زۆری ئاوارەكانیش ڕوویان لە شار و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كرد و ئاوارەش بە هیچ جۆرێك گەشتیار نییە، لەگەڵ ئەمەشدا بوونە بارگرانی بەسەر خەڵكی كوردستان وحكومەتی هەرێم، كە پێشتر لەوانەیە ئەم ئاوارانە ساڵێ جارێك تا دوو جار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبێت بەمەبەستی گەشیتاری. جگە لەمە، ئەوانەی لەبن دەستی داعش ماینەوە بەهیچ شێوەیەك ناتوانن سەردانی هەرێم بكەن. گەشتیارانی نزیكەی چوار پارێزگای عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاتنی داعش نەما. بۆیە ڕێژەی گەشتیاری بۆ هەرێمی كوردستان ڕووی لە كەمیكرد ولەساڵی 2014 بە ڕێژەی 60 لەسەد كەمیكرد و تەنها ملیونێك و دوو سەد هەزار گەشتیار هەبوو و لە ساڵی 2015 بەپێی ئامارە سەرەتایەكانی چوار مانگی یەكەم دیسان ڕێژەی هاتنی گەشتیاران لە 60 لەسەد  كەمیكردووە بەبەراورد لەگەڵ چوار مانگی یەكەمی ساڵی 2013. بەڵام لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان بەرزبوویتەوە وبە بەراورد لەگەڵ جەژنی پێشوتر زۆر زیاترە."


پرۆژە گەشتیاریەكانی داهاتوو
دەربارەی پرۆژە گەشتیاریەكانی داهاتوودا لە هەرێمی كوردستان، نادر ڕۆستی ڕاگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران وئەنجوومەنی ئابووری كوردستان بڕیار لەسەر دروستكردنی چوار پرۆژە شاری گەشتیاری لە هەرێم دواوە وەكو شاری گەشتیاری بەنداوی دوكان و پرۆژەی گەشتیاری سەر چیای سەفین و شاری گەشتیاری بەنداوی دهۆك و پرۆژەی گەشتیاری سەر چیای زاڤا لە دهۆك. ئەم پرۆژانە هەموو بوارەكانی گەشتیاری لەخۆی دەگرێت بەتەواوبوونیان گۆڕانكاریەكی جۆری لە كەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان ڕوو دەدات."


گرفتەکان
دەربارەی كێشە و گرفتەكان، نادر ڕۆستی ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی كە دەستەی گشتی گەشتوگوزار تاكە دەزگایە لە هەموو عێراق كە بووە بە خاوەنی بڕوانامەی ئایزۆ، كە بڕوانامەیەكی بەرزی نێودەوڵەتییە لە ڕووی ڕێكخستنی كارگێری، بەڵام هەندێك كێشە هەنە كە ڕێگرن لە بەردەم زیاتر گەشەكردنی ئەم كەرتە لە هەرێمی كوردستان. لەبەر ئەوەی کە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و عێراقیش ناوچەیەكی ناسراوە لە جیهان بە شەڕ و نائارامی، بۆیە ناساندنی کوردستان وەکو ناوچەیەکی ئارام و جیا لە عێراق کاری زۆری دەوێت. لەلایەکی ترەوە، كێشەی پێدانی ڤیزە بە گەشتیاران و نەبوونی یاسایەكی گەشتیاری تایبەت كە ڕەشنووسەكەی ئامادەكراوە بەڵام تا ئێستا نەبویتە یاسا و كێشەی ڕێگاوبان و كارەبا و خزمەتگوزاریش، لەم گرفتانەن کە ڕێگرن لە بەردەم زیاتر گەشەكردنی کەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێم.

هەواڵی پەیوەندیدار