محەممەد كەمال: فرقەی 15 بابچێ حەویجە رزگار بكات.. خهڵكى كهركووك قبووڵی ناکات

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی لقی 3ـی پارتی لە كەركووك دەڵێ، کە سوپای عێراق لە شاری كەركووك بوو كێشەی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروست دەكرد، بینیشمان کە پارێزگارییان پێ لە خۆیشیان نەكرا، بۆیە با فرقەی 15 بچێت حەویجە ئازاد بكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری KDP.info حكوومەتی عێراق فیرقەی (15)ـی بۆ سوپاكەی دامەزراندووە كە لە چەكدارانی حەشدیشەعبیی پێكهاتووە و، مەبەستیانە ئەو فیرقەیە لە سەربازگەی كەیوان لە كەركووك جێگیر بكەن.
پێوەست بەم بابەتە (محەممەد كەمال) بەرپرسی لقی 3ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك بە KDP.infoى ڕاگەیاند: "مەسەلەی پاراستنی ئاسایشی شاری كەركووك ئەمرۆكە لە دەستی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانە و، پێشمەرگە لە سەرەتای شەڕی داعش و پێشووتریش پارێزگاری لەو شارە كردووە، بەڵام خۆ پێشووتر فیرقەی 12ـی سوپای عێراق و عەمەلیاتی دیجلەیش لە كەركووك بوون، نەك هەر نەیانتوانی پارێزگاری لە كەركووك بكەن، بەڵكه پارێزگارییان پێ لە خۆیشیان نەكرا."
(كهمال) جەخت دەکاتەوە، "كە ئەگەر لە ئێستادا حكوومەتی عێراق فیرقەی 15 بهێنێتە ناوچەی كەیوان لە كەركووك و لە شوێنی فرقەی 12 و عەمەلیاتی دیجلە دایبنێن، ئەوا خەڵكی كەركووك لێیان قبووڵ ناكات، چونكە پیشووتر ئەم هێزانەی عێراق كێشەیان بۆ خەڵك دروست دەكرد و تەقەیان لە هاووڵاتی مەدەنی دەكرد و، لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعشیش بۆ كەركووك ئهگەر هێزی پێشمەرگە نەبووایە ئێستا رەوشی كەركووك هاوشێوەی مووسڵ و تكریت و رەممادی دهبوو."
بەرپرسی لقی 3ـی پارتی ئاماژەیشی دا، "شاری كەركووك پارێزراوە و لە دەستی هێزی پێشمەرگەدایە و پێویستی بەو هێزانە نییە، با ئەم هێزە نوێیەی كە حكوومەتی عێراق دەیەوێ بینێرێته كەركووك، بچێت حەویجەی پێ ئازاد بكات. سەرەڕای ئەوەی کە كەركووكییەكان هێزی دیکەیان قبووڵ نییە، بەڵام ئەو هێزەی کە عێراق دەیەوێ بینێرێتە کەرکووکەوە، لە یەك پێكهاتە و مەزهەب پێكهاتووە و تەنیا حەشدیشەعبین؛ دیارە کە كەركووك لە زۆر نەتەوە پێكهاتووە ئەگەر هەر هێزێكیش لە فرەپێکهاتەکان دروست نەبووبێ بۆ ئەم شارە گونجاو نییە."
سەرباز واحد




