داعش سیاسەتی عارەباندن پێڕۆ دەکات.. ٥ کورد و ١٢ ئەندامی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان کوشتووە

مووسڵ-KDP.info- ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش فەرمانی داوە 200 ماڵی كوردی دانیشتووی مووسڵ خانووەکانیان چۆڵ بکەن، بۆئەوەی عەرەب ببرێتە شوێنیان؛ هەروەها 5 هاووڵاتی كوردی گولـلەباران كردن.
(سەعید مەموزینی) بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتیی دێموكراتی كوردستان لە مووسڵ بە KDP.info گوت، "ئەم بەرەبەیانەی پێنجشەممەیە، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ئاگاداری 200 ماڵە كوردی دانیشتووی گەڕەكی (گۆگجەلیل)ـی رۆژهەڵاتی مووسڵیان كردووەتەوە بە زووترین كات خانووەكانیان چۆڵ بكەن، بۆئەوەی عەرەبی ئاوارە ببرێنە شوێنیان و نیشتەجێیان بكەن."
(مەموزینی) هەروەها زانیاری دا، هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش 5هاووڵاتیی كوردیان دەستگیر كرد و دواتر لە گەڕەكی(ئەلما)ی ڕۆژهەلاتی مووسڵ و بە بەرچاوی خەڵكەوە گولـلەبارانیان كردوون، پاساویان ئەوە بووە کە ئەوان لە ماڵەكانیاندا وێنەی خۆیان بە جلی كوردییەوە هەڵواسیبوو.
(سەعید مەموزینی) باسی لەوەیش كرد کە: "تیرۆریستانی داعش ئەمڕۆ پێنجشەممە 12چاودێری دیکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیان گولـلەباران كردن، بەمەیش ژمارەی كوژراوانی ئەندامانی كۆمسیۆن مووسڵ گەیشتە123كەس."
هەژار مەموزینی




