73 مادده په‌سه‌ند كراون.. كاری لیژنه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم به‌رده‌وامه

هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕاپرسی ده‌ڵێت، كاركردن بۆ نووسینه‌وه‌ی ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێم بۆ راپرسی به‌رده‌وامه و تا ئێستایش 73 مادده په‌سه‌ند كراون. ڕوونیشی ده‌كاته‌وه، لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور له‌و قۆناغه‌ی پێیدا ڕۆیشتووه كاری زۆر گه‌وره‌ی ئه‌نجام داوه، چونكه له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كه و خواسته‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ نیشتمانی ئازاد و به‌تایبه‌تی دوای گۆڕانكارییه‌كانی 2014 و به‌و ئاراستەیه ده‌ستوور ده‌نووسینه‌وه.
(عوسمان عەلی وه‌یسی) ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕاپرسی، بۆ KDP.info گوتی: "تا ئێستا 73 مادده په‌سه‌ند كراون و، له 20ـی 8یش ماوه‌ی یاسای لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ته‌واو ده‌بێت؛ دوو ده‌روازه به شێوه‌یه‌كی گشتی، وه‌ك ده‌روازی پڕه‌نسیبه گشتییه‌كان و دروازه‌ی ماف و ئازادییه‌كان په‌سه‌ند كراون و ته‌واو بوون، ئێستا دروازه‌یه‌كی دیكه بۆ مافی پێكهاته‌كان له كوردستان دانراوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێر رۆژنایی مافه‌كانی خۆیان، له چوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی مافی ئه‌وان پارێزراو بێت.
(وه‌یسى) گوتیشی: "كاره‌كان بۆ نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێم به‌رده‌وامن، دوێنێ مافی پێكهاته‌كان كه كراوه به ده‌روازه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ نه‌ك به‌شێك بێت له‌ناو ماف و ئازادییه‌كان، كاری له‌سه‌ر كراوه، له‌وانه توركمان و مه‌سیحی و ئێزدی په‌ڕاوێكیان ده‌بێت و ئێمه‌یش وه‌كو پارتیی دیموكراتی كوردستان به‌و پێكهاتانه‌مان گوتووه هه‌ر په‌ڕاوێك ئاماده ده‌كه‌ن، ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ده‌ده‌ین."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان زیاتر ده‌ڵێ، به‌پێی ئه‌و كاته‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه بۆ لیژنه‌كه دانراوه، پێویسته لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستووری هه‌رێم بۆ ڕاپرسی كاره‌كانیان له ماوه‌ی 90 رۆژدا به‌كۆتا بێنن، به‌ڵام له رووی كاته‌وه بۆ نووسین و داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوور دوو بووچوون هه‌ن، یه‌كه‌م به‌هۆی كاته‌وه له‌ژێر گوشاری كاتدا نابێت په‌له بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی خراپمان نه‌بێت، دووه‌م كاته‌كه‌یش به‌و شێوه‌یه نه‌بێت له كاتی پێویست و كاتێكی دیاریكراو ده‌ستوور یه‌كلا بكرێته‌وه، بۆیه ئێمه پێمانوایه ئێستا لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور له‌و قۆناغه‌ی پێیدا ڕۆیشتووه كاری زۆر گه‌وره‌ی ئه‌نجامداوه، چونكه له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كه و خواسته‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ نیشتمانی ئازاد و به‌تایبه‌تی دوای گۆڕانكارییه‌كانی 2014 به‌و ئاراستیه ده‌ستوور ده‌نووسینه‌وه، بۆیه به‌راورد به‌و كاته كاری زۆر باشمان كردووه.
رابین شێروانی




