"له جیاتی گواستنەوەی زانكۆ، بڕۆن مووسڵ ڕزگار بكهن"

مووسڵ -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، پێویستە حکوومەتی عێراق لە جیاتی گواستنەوەی زانکۆی مووسڵ بۆ کەرکووک پلانێک دابنێت بۆ ئازادکردنی مووسڵ بۆ ئەوەی خەڵک و قوتابیانیش بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان و لە پارێزگاکەی خۆیان درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.
ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە وخوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق (سیروان سیرینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: گواستنەوەی زانکۆی مووسڵ بۆ کەرکووک باشە بە شێوەیەکی کاتی، چونکە لە ھەرێمی کوردستان ئاوارەیەکی زۆری لێیە و، تۆزێک باری ھەرێم سووک دەکات و قوتابیان دەچن لەو پارێزگایە درێژە بە خوێندنەکەیان دەدەن.
(سیروان سیرینی) گوتیشی، بەڵام حکوومەتی عێراق پێویستە لە جیاتی ئەوەی زانکۆی مووسڵ بگوازێتەوە بۆ کەرکووک، کار بۆ ئەوە بکات و پلان دابڕێژێت، بۆ ئەوەی ھێرش بکرێتە سەر مووسڵ و لە دەستی تیرۆریستانی داعشی ڕزگار بکەن با خەڵک و قوتابیانیش بگەرێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و قوتابیان لە پارێزگاکەی خۆیان درێژە بە خوێندن بدەن.
سەرۆکی زانکۆی مووسڵ لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێک کەوتوون کە بۆ ساڵی نوێی خوێندن زانکۆی مووسڵ بگوازرێتەوە بۆ کەرکووک و قوتابیان لەوێ درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.
بڵند ئیبراھیم




