نێچیرڤان بارزانی ستاییشی ڕۆڵی یەكگرتووی ئیسلامی كرد.. ئومێدی ڕێككەوتن هەیە

ههولێر-KDP.info-جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان سوپاسی پێشوازی ئەمینداری گشتی و دەستپێشخەرییەكەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی كرد و ئەو هەوڵ و ماندبووبوونەی ئەوانی بەرز نرخاند كە جێگەی ئومێدە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، دووپاتی كردەوە كە هەموو لایەنەكان خەمخۆرن بۆگەیشتن بە ڕێككەوتن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 5/8/2015 (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان و شاندێكی باڵای یاوەری سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی كرد و لەلایەن (محەمەد فەرەج) ئەمینداری گشتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووەوە پێشوازی كرا.
لە كۆبوونەوەیەكدا پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و دەستپێشخەرییەكەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ چارەكردنی ئەو پرسە گفتوگۆ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بوون كە پێویستە پرسە نیشتمانییەكان بە سازانی هەموو لایەنەكان چارە بكرێن.
دوای كۆبوونەوەكەش لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سوپاسی پێشوازی ئەمینداری گشتی و دەستپێشخەرییەكەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی كرد و ئەو هەوڵ و ماندبووبوونەی ئەوانی بەرز نرخاند كە جێگەی ئومێدە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، دووپاتی كردەوە كە هەموو لایەنەكان خەمخۆرن بۆگەیشتن بە ڕێككەوتن.
هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوەی لە پەرلەمان دەربارەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕووی دا، جێگەی قبووڵكردن نییە و ئەوان پێیان وایە كێشەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت بە سازان و تەوافق چارە بكرێت.
جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە حكوومەت و پەرلەمان لەسەر بنەمای سازان پێكهاتوون نەك لەسەر بنەمای شكاندنی یەكتری و خۆفەرزكردن، پێویستە هەموو لایەنەكان لەسەر ئەم پرسانە بگەنە ڕێككەوت و پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كاری پەرلەمان نییە و پێویستە لەلایەن حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە چارە بكرێت.
ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئومێدێك هەیە لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن و هەر دەبێ بگەنە ئەنجامێك لەسەر ئەو پرسە و هەموو پرسە نیشتمانییەكانی دیكە.




