هۆكاری ته‌قه له به‌ڕێوه‌به‌ری شارەدێی دیانا ئاشكرا بوو

هه‌ولێر -KDP.info- دیارە به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی دیانا نەیهێشتبوو به ئامێری پایڵ بیری ئیرتیوازی لێ بدرێ و، هەر لەبەر ئەوەیش ته‌قه‌ی لێ کراوە؛ ئه‌ویش سكاڵای تۆمار كردووه و ده‌ڵێت: "به بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێدانی بیری ئیرتیوازی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه."
(هه‌ڤاڵ جه‌وهه‌ر) به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی دیانا، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوو ڕۆژ به‌ر له ڕووداوه‌كه زانیاریمان بۆ هات، كه له چیای حه‌سه‌ن‌به‌گ، به ئامێرێكی پایڵ بیری ئیرتیوازی لێ ده‌درێت، كه به بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێدانی بیری ئیرتیوازی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه."
(هه‌ڤاڵ) گوتیشی: "دیارە دوو جار مه‌فره‌زه‌مان ڕه‌وانه‌ی شوێنه‌كه كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ئامێره كاریان ده‌كرد ئاماده نه‌بوون ئامێره‌كه ڕاده‌ستی پۆلیس بكه‌ن، پاش ئه‌وه‌ی سەعات 2 له‌چوارەم شه‌وی ئەم مانگەدا، هێزه‌كانی پۆلیسی سۆران دەستیان بەسەر ئامێره‌كەدا گرت، ڕۆژی دواتر، كه له ماڵی خۆم ده‌هاتمه ده‌ره‌وه بچم بۆ سۆران، تومەز كۆمه‌ڵە پیاوێک بە چه‌ك و سێ چوار ئۆتۆمبێلەوە، بۆسه‌یه‌یان داناوەتەوە بۆم؛ کە گه‌یشتمه شوێنه‌كه لێم هاتنە دەست و هه‌وڵیان دا له ئۆتۆمبێله‌كه‌م بمکێشینە دەرەوە، منیش بۆ ئه‌وه‌ی شته‌كه گه‌وره‌تر نه‌بێت گوتمە سكرتێره‌كه‌م پێ بە بەنزینا بنێت و دەرچووین؛ ئەوەندەمان لە دواوە دەستڕێژیان لێ کردین، ئێمه‌یش وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری شارەدێی دیانا ده‌ستبه‌جێ سكاڵامان تۆمار كرد، دژی ئه‌و كه‌سه و ئه‌و كه‌سانه‌ی هێرشیان كرده سه‌ر من، كێشه‌كه كه‌وتووه‌ته دادگا و هه‌ر ئه‌مڕۆ دادوه‌ر بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌ركرد."
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی دیانا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به سوپاسه‌وه هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حزب و حكوومەتیش خه‌مخۆرن، ده‌ڵێن: "ده‌بێت له‌و بابه‌تەدا یاسا سه‌روه‌ر بێت و ئه‌و كێشه‌یه له دادگا یه‌كلا بكرێته‌وه و تۆمه‌تبارەکانیش بدرێن به دادگا."
ڕابین شێروانی




