٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆماری ئیسلامی ئێران خوازیاره‌ پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم فراوانتر بكات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ عێراق كرد و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران، پشتگیری و بەردەوامیی هاوكارییەكانی حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و هەڵوێستی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بارەی هاوكارییكردنی ئاوارە و پەنابەران و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 5/8/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (حەسەن دانایی فەڕ) باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ستاییشی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە پێشكەوتنەكانی بەردەوامە و توانیویەتی بە شێوەیەكی یەكجار باش ڕووبەڕووی هێرش و مەترسییەكانی تیرۆرستانی داعش ببێتەوە و لە ڕووی ئابووریشەوە خۆڕاگر بێت بەرامبەر ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی بووەتەوە و بە شێوەیەكی زۆر باشیش پێشوازیی لە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە ئاوارە و پەنابەران بكات و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكات.
پشتگیری و بەردەوامیی هاوكارییەكانی حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و هەڵوێستی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بارەی هاوكارییكردنی ئاوارە و پەنابەران و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند. هەروەها باسی لە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا كرد و هیوای خواست لە هەموو بوارەكاندا پەیوەندیی نێوان هەردو بەرەو پێشتر بڕوات.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و دڵخۆشیی خۆی دەربارەی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد كە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران مێژوویین و جەختی لەوە كردەوە كە لە كاتە سەختەكاندا كۆماری ئیسلامیی ئێران هەردەم پاڵپشت و هاوكاری گەلی كورد بووە.
(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو ئاسانكاری پێشكەش دەكات بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارەكاندا.
گفتوگۆكردنی بارودۆخی ناوچەكە و عێراق بە گشتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عێراق، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار